سوپای ئیسرائیل هێرشی ئاسمانیی نوێ بۆ سەر بەیرووت رادەگەیێنێت
رووداو دیجیتاڵ
سوپای ئیسرائیل رایگەیاند کە بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە، شەپۆلێکی نوێی هێرشی ئاسمانییان بۆ سەر ئامانجەکانی حیزبوڵڵا لە بەیرووت دەستپێکردووە.
هاوکات لە باشووری لوبنانیش بەهۆی بۆردوومانی ئیسرائیل بۆ سەر ماڵێک، کەسێک کوژرا و 2ی دیکەش بریندار بوون.
بەرەبەیانی رۆژی شەممە، 21ی ئاداری 2026، سوپای ئیسرائیل لە راگەیێندراوێکی کورتدا بڵاویکردەوە: "لەم کاتەدا هێزەکانمان ئامانجەکانی رێکخراوی تیرۆریستیی حیزبوڵڵا لە بەیروت بۆردوومان دەکەن."
ئەم هێرشانە بۆ سەر پایتەختی لوبنان دوای ئەوە دێن کە گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل هۆشداریی دابووە دانیشتووانی چەند ناوچەیەکی گەڕەکەکانی باشووری بەیروت کە پێگەی سەرەکیی حیزبوڵڵایە، تاوەکو پێش دەستپێکردنی بۆردوومانەکان بەپەلە ماڵەکانیان چۆڵ بکەن.
لە لایەکی دیکەوە و هەر بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە، میدیای فەرمیی لوبنان رایگەیاند کە هێرشێکی ئاسمانیی ئیسرائیل کراوەتە سەر ماڵێک لە باشووری وڵاتەکە.
ئاژانسی هەواڵی نیشتمانیی لوبنان (NNA) بڵاویکردەوە: "فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل هێرشێکی قورسیان کردە سەر ماڵێک لە شارۆچکەی غەندوریە." ئاژانسەکە ئاماژەی بەوەش کردووە کە لەو بۆردوومانەدا "کەسێک شەهید بووە و 2 کەسی دیکەش بریندار بوون، کە توانراوە لەژێر داروپەردووی ماڵەکەدا دەربهێندرێن."
ئەم پێشهاتانە لە کاتێکدان کە ئیسرائیل بەردەوامە لە فراوانکردنی هێرشە ئاسمانییەکانی بۆ سەر پێگەکانی حیزبوڵڵا و ناوچەکانی باشووری لوبنان، کە بووەتە هۆی ئاوارەبوونی دەیان هەزار کەس و وێرانبوونی بەشێکی زۆری ژێرخانی ئەو ناوچانە.