فریاگوزاریی ئیسرائیل: ژمارەی بریندارانی عەراد لە ئەنجامی هێرشی مووشەکیی ئێران بۆ 75 کەس بەرز بووەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

رۆژی شەممە، ئێران شەپۆلێکی گەورەی مووشەکی ئاراستەی ناوچە جیاوازەکانی ئیسرائیل کرد و دوو شاری ستراتیژیی لە باشووری ئەو وڵاتە پێکا، کە بەهۆیانەوە دەیان کەس بریندار بوون و زیانی گەورە بەر باڵەخانەکان کەوتووە. فریاگوزاریی ئیسرائیل دەڵێت، ژمارەی بریندارانی شاری عەراد گەیشتە 75 کەس.
 
پێکانی شاری عەراد
 
دەزگای فریاکەوتنی ئیسرائیل رایگەیاند کە مامەڵە لەگەڵ "رووداوێکی گەورە" دەکەن لە شاری عەراد لە باشووری ئیسرائیل. بەپێی ئامارە سەرەتاییەکان، تیمەکانی فریاکەوتن 75 برینداریان گواستووەتەوە بۆ نەخۆشخانەی سۆرۆکا، کە دۆخی 23 لەوانە مەترسیدارە. هەروەها تیمەکان خەریکی گەڕانن بەدوای ئەوانەی لەژێر داروپەردووی باڵەخانە رووخاوەکاندا بێسەروشوێن ماون.
 
زەنگی ئاگادارکردنەوە لە ناوچەکانی نەقەب، دەوروبەری دەریای مردوو، جەلیل، گۆلان، حەیفا و کەنداوەکەی لێدرا.
 
کەناڵی 12ی ئیسرائیلیش پشتڕاستی کردەوە کە راپۆرتیان پێگەیشتووە لەسەر کەوتنەخوارەوەی پارچەی مووشەک لە دەریای مردوو و دەوروبەری شارۆچکەی عەراد لە بیابانی نەقەب.
 
هێرش بۆ سەر دیمۆنا
 
ئەم شەپۆلە هێرشە مووشەکییە گەورەیە دوای ئەوە دێت کە شاری دیمۆنا لە باشووری ئیسرائیل کە دامەزراوەیەکی ئەتۆمیی سەرەکیی لێیە رووبەڕووی هێرشێکی مووشەکیی ئێران بووەوە. خزمەتگوزاریی فریاکەوتنی ئیسرائیل رایگەیاند کە لەو هێرشەدا لانیکەم 39 کەس بریندار بوون.
 
سوپای ئیسرائیل بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاند کە "هێرشێکی مووشەکیی راستەوخۆ بەر باڵەخانەیەک" لە دیمۆنا کەوتووە. ئەمەش دوای ئەوە هات کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ڤیدیۆیەک بڵاوبووەوە کە تێیدا مووشەکێک بە خێراییەکی زۆر لە ئاسمانەوە دەکەوێتە خوارەوە و دەبێتە هۆی دروستبوونی تۆپەڵە ئاگرێکی زەبەلاح.
 
هەڵوێستی ئێران و ئاژانسی ئەتۆم
 
تەلەڤزیۆنی فەرمیی ئێران رایگەیاند کە ئەم هێرشە "وەڵامێک" بووە بۆ هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر دامەزراوەی ئەتۆمیی نەتەنز لە نێوەڕاستی ئێران، ئەوەش لە چوارچێوەی ئەو جەنگەی کە ئەمریکا و ئیسرائیل لە 28ی شوباتەوە دەستیانپێکردووە.
 
لەلایەکی دیکەوە، ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم (IAEA) رۆژی شەممە رایگەیاند کە ئاگاداری راپۆرتەکانە سەبارەت بە هێرشە مووشەکییەکەی سەر دیمۆنا، بەڵام جەختی کردەوە کە هیچ ئاماژەیەک نییە بۆ زیانگەیاندن بە سەنتەری توێژینەوەی ئەتۆمیی نەقەب.
 
ئاژانسەکە روونیکردەوە کە زانیارییەکانی وڵاتانی ناوچەکە دەریدەخەن کە هیچ ئاستێکی نائاسایی لە تیشکی ئەتۆمی (Radiation) دوای رووداوەکە تۆمار نەکراوە.