حیزبوڵڵای لوبنان: لە یەک رۆژدا 35 ئۆپەراسیۆنمان دژی ئیسرائیل کردووە
رووداو دیجیتاڵ
حیزبەڵڵای لوبنانی رایگەیاند رۆژی شەممە 21ـی ئازاری 2026، زنجیرەیەک هێرشی بەرفراوان و چڕیان دژی بنکە سەربازییەکان، کۆمەڵگە نیشتەجێبووەکان و هێزەکانی سوپای ئیسرائیل لە باکووری ئیسرائیل و سەر سنوورەکان کردووە.
حیزبوڵڵا لە رێگەی 35 راگەیەندراوی سەربازییەوە وردەکاریی ئۆپەراسیۆنەکانی بڵاوکردەوە، کە تێیدا هاتووە هێرشەکان بە درۆنی خۆتەقێن، مووشەکی جۆراوجۆر و تۆپخانە کراون.
بەگوێرەی راگەیەندراوەکان، حیزبوڵڵا چەندین بنکەی گرنگی سەربازیی پێکاوە، لەوانە:
بنکەی دادۆ: بارەگای فەرماندەیی ناوچەی باکووری سوپای ئیسرائیل لە باکووری شاری سەفەد، دووجار بە مووشەک کراوەتە ئامانج.
بنکەی فیلۆن و نەفتالی: لە باشووری روشبینا و رۆژئاوای دەریاچەی تەبەریا بە مووشەک پێکراون.
بنکەی زائیف: تایبەت بە بەرگریی ئاسمانی لە شاری حەیفا، لە ڕێگەی پۆلێک درۆنی خۆتەقێنەوە هێرشی کراوەتە سەر.
سیستەمی بەرگریی ئاسمانی: لە ناوچەی مەعالۆت تەرشیحا بە مووشەک کراوەتە ئامانج.
حزبوڵڵا رایگەیاندووە کە چەکدارەکانیان لە ناوچەکانی "ئەلتەباسین" و "خەیام" رووبەڕووی هێزەکانی سوپای ئیسرائیل بوونەتەوە کە هەوڵی پێشڕەوییان داوە. هاوکات ئاماژە بەوە دراوە، دوو تانکی جۆری "مێرکاڤا" لە دەوروبەری شارۆچکەکانی ناقورە و خەیام بە مووشەکی ئاڕاستەکراو تێکشێندراون.
لە چوارچێوەی هۆشدارییەکانی پێشوویاندا بۆ چۆڵکردنی ناوچەکانی باکووری ئیسرائیل، حزبوڵڵا رایگەیاندووە کە چەندین کۆمەڵگەی جوونشینی وەک: "کریات شمۆنە"، "ئەفیفیم"، "نەهاریا" و "سوکنەی شۆمیرا"یان بە مووشەک و درۆن کردووەتە ئامانج.
لە کۆتایی راگەیێندراوەکانی حیزبوڵڵادا هاتووە: "ئەم ئۆپەراسیۆنانە وەک بەرگرییەک لە خاکی لوبنان و گەلەکەی کراون، بەتایبەت دوای ئەوەی ئیسرائیلی دووژمن بە تاوانەکانی سنووری تێپەڕاندووە." جەختیشیان کردووەتەوە کە هێرشەکانی ئەوان تەنیا بۆ سەر پێگە سەربازییەکانە، نەک خەڵکی مەدەنی.
دوای ئەوەی لە 28ی شوباتدا کە هێرشی ئەمریکا/ئیسرائیل بۆ سەر ئێران دەستیپێکرد، حیزبوڵڵای لوبنان پاڵپشتی خۆی بۆ ئێران راگەیاند و بە مووشەک و درۆن هێرشی کردە سەر ئیسرائیل. ئیسرائیلیش بەردەوامە لە وەڵامدانەوە و هێرشکردنە سەر حیزبوڵڵا لە نێو خاکی لوبناندا.