سعودیە و کوێت: بەرپەرچی هێرشی مووشەکی و درۆنیمان دایەوە

رووداو دیجیتاڵ

بەرەبەیانیی رۆژی شەممە، سعودیه‌ و کوێت رایانگەیاند، رووبەڕووی هێرشی مووشەکی و درۆنی بوونەتەوە.
 
ئەم پێشهاتە لە چوارچێوەی بەردەوامیی گرژییە سەربازییەکانی ناوچەکەدایە کە لە 28ـی شوباتی رابردووەوە دەستیپێکردووە.
 
وەزارەتی بەرگریی سعودیه‌ لە هەژماری ئێکس رایگەیاند، لە ناوچەی رۆژهەڵاتی شانشینەکە، بەرپەرچی 51 درۆنیان داوەتەوە و تێکیانشکاندوون.
 
سوپای کوێتیش بڵاویکردەوە، بەرگریی ئاسمانیی وڵاتەکەی بەرپەرچی هێرشی مووشەکی و درۆنی داوەتەوە، بێ ئەوەی زانیاریی زیاتر بخاتەڕوو.
 
هیچ کام لە دوو وڵاتەکە ئاماژەیان بە سەرچاوەی مووشەک و درۆنەکان نەکردووە، بەڵام پێشتر هێرشەکانی ئێرانیان بۆ سەر وڵاتانی کەنداو سەرکۆنە کردبوو و لە چوارچێوەی وەڵامدانەوەی تاران بۆ هێرشەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا، بە "پێشێلکارییەکی ئاشکرا"یان ناوبردووە.
 
لە 28ـی شوباتەوە ئیسرائیل و ئەمریکا لەگەڵ ئێران چوونەتە جەنگەوە و ئەوەش کاریگەری لەسەر دۆخی ناوچەکە بەگشتی هەبووە.