ئێران هەڕەشەی هێرشکردنە سەر رەئسل خەیمە دەکات و هۆشداریی تووند دەداتە ئیمارات
رووداو دیجیتاڵ
هێزە چەکدارەکانی ئێران رۆژی شەممە هۆشدارییان دایە ئیمارات لەوەی رێگە نەدات خاکەکەی بەکاربهێندرێ بۆ هێرشکردنە سەر دوو دوورگە جێناکۆکەکەی نێوانیان لە نزیک تەنگەی هورمز.
بارهگای ئۆپەراسیۆنەکانی خاتەمولئەنبیا لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند: "هۆشداری دەدەینە ئیمارات، ئەگەر هەر دەستدرێژییەکی دیکە لە خاکی ئەو وڵاتەوە بۆ سەر دوورگە ئێرانییەکانی ئەبوو موسا و تونبی گەورە لە کەنداوی فارس ئەنجام بدرێ، هێزە چەکدارە بەهێزەکانی ئێران شاری رەئسل خەیمە لە ئیمارات دەدەنە بەر شەپۆلێکی هێرشی قورس."
دوورگەکانی ئەبوو موسا و تونبی گەورە کە لە ژێر کۆنترۆڵی ئێراندان و ئیماراتیش داوای خاوەندارێتییان دەکات، مێژوویەکی درێژیان لە ململانێ لەنێوان هەردوو وڵاتدا هەیە. ئەم دوورگانە دەکەونە ناوچەیەکی ستراتیژیی نزیک لە دەروازەی تەنگەی هورمز، کە لە کاتە ئاساییەکاندا پێنج یەکی نەوتی جیهانی لێوە تێدەپەڕێ.
لە دوای دەستپێکردنی جەنگی ناوچەکە لە 28ی شوباتی رابردووەوە بە هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، هاتووچۆی دەریایی لەو ناوچەیەدا پەکیکەوتووە. تاران، وڵاتانی کەنداو تۆمەتبار دەکات بەوەی رێگەیان بە هێزەکانی ئەمریکا داوە خاکەکەیان بۆ هێرشکردنە سەر ئێران بەکاربهێنن، هەر بۆیەش لە سێ هەفتەی رابردوودا چەندین هێرشی مووشەکی و درۆنی بۆمبڕێژکراوی کردووەتە سەر ئەو شوێنانەی کە بە "بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا" لەو وڵاتانەدا ناویان دەبات.
لەلایەکی دیکەوە، وڵاتانی کەنداو بەردەوام ئەو تۆمەتانەی ئێرانیان رەتکردووەتەوە و جەختیان لەوە کردووەتەوە کە تەنانەت پێش جەنگەکەش بڕیاریان دابوو رێگە نادەن خاک یان ئاسمانی وڵاتەکانیان بۆ هێرشکردنە سەر ئێران بەکاربهێندرێت.