ئێران: ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشیان کردە سەر دامەزراوەی ئەتۆمیی نەتەنز

رووداو دیجیتاڵ

رێکخراوی وزەی ئەتۆمیی ئێران رۆژی شەممە رایگەیاند، هێزەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشیان کردووەتە سەر دامەزراوەی ئەتۆمیی نەتەنز، کە ناوەندی سەرەکیی پیتاندنی یۆرانیۆمە لەو وڵاتەدا.
 
رێکخراوەکە لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند: "لە بەردەوامیی هێرشە تاوانکارییەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و رژێمی زایۆنیی داگیرکەر بۆ سەر وڵاتەکەمان، بەیانیی ئەمڕۆ کۆمەڵگەی پیتاندنی نەتەنز کرایە ئامانج."
 
رێکخراوی وزەی ئەتۆمیی ئێران باس لەوە دەکات کە سەرەڕای هێرشەکە، تاوەکو ئێستا "هیچ لێچوونێکی مادە تیشکدەرەکان" لە ناوچەکە تۆمارنەکراوە.
 
دامەزراوەی ئەتۆمیی نەتەنز دەکەوێتە نزیک شاری نەتەنز لە پارێزگای ئیسفەهانی نێوەڕاستی ئێران. ئەم ناوەندە گرنگترین بەشی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێرانە بۆ پیتاندنی یۆرانیۆم.
 
بەشە ژێرزەوینییەکانی ئەم دامەزراوەیە بە قەڵخانێکی کۆنکرێتی بەهێز پارێزراوە کە ئەستوورییەکەی دەگاتە نزیکەی 7.6 مەتر. بەگوێرەی لێدوانی پێشووتری بەرپرسانی ئێران، ئامێرەکانی سانتریفیوژ لەم ناوەندەدا لە قووڵایی 40 بۆ 50 مەتر لە ژێر زەویدا جێگیر کراون، ئەوەش بە مەبەستی پاراستنیان لە "هێرشی ئاسمانی".