سەرۆکی پەرلەمانی لوبنان بۆ ئیسرائیل: ئەگەر نەکشێنەوە هەموو رۆژێک بۆنی بەرگری دەکەن
رووداو دیجیتاڵ
نەبی بەری، سەرۆکی پەرلەمانی لوبنان هۆشداری دەداتە هێزەکانی ئیسرائیل کە لە باشووری وڵاتەکەن و دەڵێت، ئەگەر نەکشێنەوە رووبەڕووی بەرگریی چەکداری دەبنەوە. ئەم هەڕەشەیەش تەنیا چەند رۆژێک پێش دەستپێکردنی گفتوگۆکانی واشنتن دێت.
نەبی بەری، کە سەرۆکی بزووتنەوەی ئەمەل و هاوپەیمانی حیزبوڵڵایە، لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ میدیای لوبنانی رایگەیاند، وڵاتەکەی قبووڵی ناکات "تەنانەت یەک مەتر" لە خاکەکەی لەدەست بدات.
سەرۆکی پەرلەمانی لوبنان، کە باڵاترین کەسایەتیی سیاسیی شیعەیە لەو وڵاتە گوتی: "ئەگەر ئیسرائیل لەسەر داگیرکارییەکەی بەردەوام بێت، چ لە ناوچەکان بێت یان لە پێگە سەربازییەکان، ئەوا هەموو رۆژێک بۆنی بەرگری دەکەن." گوتیشی "مێژووی ئێمە گەواهیدەرە؛ ئەگەر سوور بن لەسەر مانەوە، رووبەڕووی بەرگری دەبنەوە."
ئەم لێدوانانەی بەری لە کاتێکدایە، بڕیارە رۆژی پێنجشەممە بە نێوەندگیریی ئەمریکا، گەڕێکی نوێی گفتوگۆ لەسەر ئاستی باڵیۆزان لەنێوان ئیسرائیل و لوبنان لە واشنتن بەڕێوەبچێت، بە مەبەستی دۆزینەوەی رێگەچارەیەک بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ.
سەبارەت بە شێوازی گفتوگۆکانیش، نەبی بەری گوتی، هیچ پێویستییەک بە "گفتوگۆی راستەوخۆ" لەگەڵ ئیسرائیل ناکات و ئەو لایەنگری گفتوگۆی ناڕاستەوخۆیە، وەک چۆن لە ساڵانی رابردوودا لە چەندین گەڕی دانوستاندندا بەو شێوەیە بەشدار بووە.
جەنگی نێوان ئیسرائیل و لوبنان لە 2ـی ئاداری 2026ـەوە دەستیپێکرد، دوای ئەوەی حیزبوڵڵا لە تۆڵەی کوشتنی عەلی خامنەیی، رێبەری پێشووی کۆماری ئیسلامیی ئێران، دەستی بە بۆردوومانکردنی ئیسرائیل کرد و لوبنانی پەلکێشی نێو جەنگەکە کرد.