راپۆرتێک: 500 درۆن لە عێراقەوە ئاراستەی سعودیە کراون
رووداو دیجیتاڵ
ئەو گرووپە میلیشیاییانەی عێراق کە نزیکن لە ئێران، لە ماوەی جەنگدا، دەیان درۆنیان ئاراستەی سعودیە و وڵاتانی کەنداو کردووە؛ ئەمەش جەنگێکی "بێ دەنگی" لە نێو جەنگە گەورەکەدا دروستکردووە.
بەپێی راپۆرتێکى رۆژنامەى "واڵ ستریت جۆرناڵ"ى ئەمریکی کە رۆژی سێشەممە، 21ی نیسانی 2026 بڵاوکراوەتەوە، نیوەی ئەو 1,000 هێرشە درۆنییەی کراونەتە سەر سعودیە، لە نێو خاکی عێراقەوە بوون. راپۆرتەکە ئاماژە بە هەڵسەنگاندنێکی ئەمنیی سعودیە دەکات کە تێیدا هاتووە، ئەم هێرشانە پێگەی یەکجار هەستیاریان کردووەتە ئامانج، لەوانە پاڵاوگەی "یەنبوع" لەسەر دەریای سوور و کێڵگە نەوتییەکانی رۆژهەڵاتی سعودیە.
لە راپۆرتەکەدا هاتووە، درۆنەکان نەک تەنیا سعودیە، بەڵکو تاقە فڕۆکەخانەی سڤیلی کوێتیان پێکاوە. تەنانەت دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە سەرەتای ئەم مانگەدا ئاگربەستی راگەیاند، هێرشەکان بۆ سەر بەحرەین بەردەوام بوون. لە نێوخۆی عێراقیشدا، میلیشیاکان هێرشیان کردووەتە سەر کونسوڵخانەی کوێت لە بەسرا و کونسوڵخانەی ئیمارات لە هەرێمی کوردستان.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا هۆشداریی داوە کە میلیشیاکان پلانی هێرشی زیاتریان هەیە و داوای لە هاووڵاتییانی کردووە لە باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا و کۆنسووڵخانەکانی عێراق دوور بکەونەوە؛ چونکە باڵیۆزخانەی واشنتن لە بەغدا چەندین جار کراوەتە ئامانج و زۆربەی کارمەندەکانی چۆڵیان کردووە.
بەگوێرەى راپۆرتەکە، رۆژی شەممەی رابردوو ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران سەردانی بەغدای کردووە تاوەکو بۆ هێرشەکان هاوئاهەنگیی لەگەڵ سەرکردەی میلیشیاکاندا بکات.
سعودیە هێرش دەکاتە سەر عێراق؟
راپۆرتەکە تاوتوێی پێشهاتێکى نوێ دەکات و تێیدا هاتووە، دوای چەندین هەفتە لە بۆردوومانی ئێران بۆ سەر ژێرخانی وزەی وڵاتەکانیان، ئێستا وڵاتانی کەنداو عێراق وەک مەیدانێکی گونجاو دەبینن بۆ وەڵامدانەوە؛ چونکە دەتوانن لەوێوە گورز لە بەرژەوەندییەکانی تاران بوەشێنن بێ ئەوەی راستەوخۆ هێرش بکەنە سەر خاکی ئێران و تووشی وەڵامی سەختتر ببنەوە.
مایکڵ نایتس، پسپۆڕی ستراتیژی لە پەیمانگەی واشنتن دەڵێت: "عێراق ئەو شوێنەیە کە هەموویان دەتوانن تێیدا وەڵام بدەنەوە و مەیدانێکی گونجاوە بۆ نیشاندانی هێز". نایتس ئاماژە بەوە دەکات کە رەنگە سعودیە دەست بە هێرشی رەمزی بۆ سەر بنکەی میلیشیاکان لە عێراق بکات، هاوکات کوێت و بەحرەینیش رێگە بە ئەمریکا بدەن خاکی وڵاتەکەیان بۆ هێرشە مووشەکییەکان دژی ئەو گرووپانە بەکاربهێنێت.
ئەم ئاڵۆزییە سەربازییانە هاوکاتن لەگەڵ پەککەوتنی پڕۆسەی سیاسی لە عێراق دوای هەڵبژاردنەکانی مانگی تشرینی دووەمی رابردوو. ململانێی لایەنەکان لەسەر پێکهێنانی حکومەت وایکردووە دەسەڵاتی بەغدا لاواز بێت و نەتوانێت میلیشیاکان رابگرێت. نوری مالیکی، سەرۆکوەزیرانی پێشوو کە پەیوەندیی بەهێزی لەگەڵ تاران و میلیشیاکان هەیە، بەربژێری سەرەکی بوو بۆ وەرگرتنەوەی پۆستەکەی، بەڵام دۆناڵد ترەمپ لە سەرەتای ئەمساڵدا دژایەتیی خۆی بۆ ئەو هەنگاوە دەربڕی.
رێناد مەنسوور، لێکۆڵەر لە پەیمانگەی "چاتام هاوس" پێیوایە میلیشیاکان ئێستا بێباکترن، چونکە هەر جۆرە داڕمانێکی رژێمی تاران وەک مەترسییەک بۆ سەر مانەوەی خۆیان دەبینن. هەروەها گوتیشی، "ستراتیژیی ئێران و ئەو گرووپانەی لەژێر فەرمانی ئێراندان لەم جەنگەدا، تەنیا تێکدان و پەکخستنی ئاسایشی ناوچەکەیە تاوەکو دەرەنجامە خراپەکانی جەنگەکە بە ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی نیشان بدەن".
میلیشیاکانی عێراق کە ژمارەی شەڕکەرەکانیان بە 250 هەزار کەس و بودجەکەیان بە ملیارەها دۆلار مەزەندە دەکرێت، لە دوای ساڵی 2003 و رووخانی رژێمی پێشوو لە نێو پشێوییەکاندا گەورە بوون. دوایینیان گرووپەکانی وەک "کەتیبەکانی حیزبوڵڵا" و "عەسائیبی ئەهلی حەق"ن کە خاوەنی مووشەک و درۆنی زۆرن.