ئەمریکا تاوتوێی هاوکاریکردنی ئیمارات دەکات

 
رووداو دیجیتاڵ

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دەڵێ، واشنتن تاوتوێی پێشکێشکردنی هاوکاریی دارایی بۆ ئیمارات دەکات، کە وەک هاوپەیمانێکی ئەمریکا بەهۆی جەنگی ئێرانەوە رووبەڕووی زیانی ئابووری بووەتەوە.
 
رۆژی سێشەممە 21-04-2026 ترەمپ لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ کەناڵی سی ئێن بی سی رایگەیاند: "ئیمارات هاوپەیمانێکی باشی ئێمە بووە. وەک دەزانن، ئێمە ئێستا لە کاتێکی نائاساییداین."
 
سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کرد، ئیمارات بەهۆی هێرشەکانی ئێرانەوە زیانی بەرکەوتووە، بەڵام گوتیشی: "سەرم سووڕماوە بە داواکاریی هاوکاری، چونکە ئەوان بە راستی دەوڵەمەندن."
 
جەنگی ئێران زیانی گەورەی بە ژێرخانی نەوت و گاز لە سەرانسەری رۆژهەڵاتی نێوەڕاست گەیاندووە. ئەم جەنگە گورزێکی بەهێزی لەو ئابوورییانە داوە کە بۆ گواستنەوەی نەوتەکەیان بۆ جیهان، پشت بە تەنگەی هورمز دەبەستن. 
 
بەرپرسانی ئیمارات هەفتەی رابردوو لە پەراوێزی کۆبوونەوەکانی سندووقی نێودەوڵەتیی دراو و بانکی جیهانی، لەگەڵ سکۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا کۆبوونەوە. وەزارەتی گەنجینە رایگەیاند، واشنتن هەوڵ دەدات رێگری لە هێرشی زیاتر بکات و گەرەنتی بکات کە بازاڕەکانی وزە چیدیکە بەهۆی ئێرانەوە تێکنەچن.
 
کێڤن هاسێت، بەڕێوەبەری ئەنجوومەنی ئابووریی نیشتمانیی ئەمریکا رایگەیاند: "پێشبینی دەکات وەزارەتی گەنجینە هەموو هەوڵێک بدات بۆ یارمەتیدانی ئیمارات. ئەمریکا دەتوانێت سوود لە سندوقی جێگیرکردنی ئاڵوگۆڕ وەربگرێ کە تاوەکو مانگی شوبات نزیكەی 44 ملیار دۆلاری تێدا بووە." ساڵی 2025 واشنتن بڕی 20 ملیار دۆلاری لەم سندووقە بۆ پشتگیریکردنی ئەرجەنتین بەکارهێنابوو.
 
ئەم داواکارییەی ئیمارات زیاتر وەک "ئاماژەیەکی سیاسی" دەبینرێ، نەک پێویستییەکی دارایی، چونکە بانکی ناوەندیی ئیمارات هێشتا یەدەگێکی زۆری دراوی هەیە و دراوەکەشی بەستراوەتەوە بە دۆلارەوە.
 
تاوەکو ئێستا وەزارەتی دەرەوەی ئیمارات هیچ لێدوانێکی فەرمی لە سەر ئەم بابەتە نەداوە، بەڵام ترەمپ گوتی، ئیمارات بەڵێنی داوە وەبەرهێنانی گەورە لە نێو ئەمریکادا بکات.