سوپاسالاری پاکستان بۆ نێوەندگیریی تاران و واشنتن دەگاتە ئێران
رووداو دیجیتاڵ
فەرماندەی گشتیی سوپای پاکستان بە مەبەستی نێوەندگیری لەنێوان ئێران و ئەمریکا و رێگری لە پەرەسەندنی زیاتری جەنگی نێوان هەردوو وڵات، سەردانی تاران دەکات. لە ماوەی یەک هەفتەدا، ئەمە سێیەم سەردانی بەرپرسە باڵاکانی ئیسلامئابادە بۆ تاران.
بڕیارە رۆژی پێنجشەممە، 21ـی ئایاری 2026، عاسم مونیر، سوپاسالاری پاکستان بگاتە تاران. بەگوێرەی راپۆرتی ئاژانسی (ئیسنا)ی ئێرانی، مونیر لەگەڵ بەرپرسانی باڵای سەربازی و سیاسیی کۆماری ئیسلامیی ئێران کۆدەبێتەوە.
سەردانی سوپاسالار لە کاتێکدایە، دوێنێ موحسین نەقەوی، وەزیری ناوخۆی پاکستان بۆ دووەمجار لە ماوەی کەمتر لە هەفتەیەکدا گەیشتە تاران. ئیسلامئاباد دەیەوێت رێگری لە داڕووخانی تەواوەتیی رێگەکانی دیپلۆماسی بگرێت.
پاکستان پێشتر و لە 8ـی نیسانی رابردوودا، توانیبووی نێوەندگیری بۆ ئاگربەستێکی کاتی بکات، بەڵام ئێستا بەهۆی تووندبوونی زمانی هەڕەشەی هەردوولا، ئەرکی ئیسلامئاباد بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە قورستر بووە.
جەنگی نێوان ئەمریکا و ئێران لە 28ـی شوباتی 2026 دەستیپێکرد، کاتێک ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشیان کردەسەر ئێران. لەو کاتەوە تاران کەوتووەتە ژێر گوشارێکی تووندی ئابووری و سەربازی و گەمارۆی دەریایی بۆ سەر بەندەرەکانی.
لە لایەکی دیکەوە، میدیا فەرمییەکانی ئێران بەردەوام جەخت لەسەر ئامادەیی هێزە چەکدارەکانی وڵاتەکەیان دەکەنەوە بۆ وەڵامدانەوەی هەر جۆرە "دەستدرێژییەک". لەم نێوەندەدا تاران، پاکستان وەک هاوبەشێکی جێی متمانە دەبینێت کە دەتوانێت پەیامەکانی بگەیێنێتە کۆشکی سپی.
پاکستان کە هاوسێیەکی گرنگی ئێرانە، مەترسیی ئەوەی هەیە شەڕەکە بەرەو "وێرانکاریی زیاتر" بڕوات و کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر ئاسایشی وڵاتەکەی هەبێت، بۆیە هەموو قورساییەکی خۆی خستووەتە گەڕ بۆ ئەوەی دەرگای گفتوگۆ بە ئاواڵەیی بهێڵێتەوە.