حووسییەکان هەڕەشە لە ئەمریکا دەکەن: بچیتە نێو جەنگی دژی ئێران کەشتییەکانت دەکەینە ئامانج

 
رووداو دیجیتاڵ

بزووتنەوەی "ئەنساروڵڵا"ی یەمەن (حووسییەکان)، لە بەیاننامەیەکی تووند و درێژدا، هەڕەشەی کردەیی لە ئەمریکا دەکات و رایدەگەیێنێت، هەر جۆرە بەشدارییەکی واشنتن لە هێرشی ئیسرائیل بۆسەر ئێران، دەبێتە هۆی ئەوەی کەشتییە جەنگی و بازرگانییەکانیان لە دەریای سوور بکرێنە ئامانج.
 
حووسییەکان لە بەیاننامەکەیاندا، کە ئەمڕۆ شەممە بڵاویانکردەوە، هێرشکردنە سەر ئێران وەکو بەشێک لە "پیلانی زایۆنی" بۆ گۆڕینی نەخشەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و سەپاندنی هەژموونی تەواوەتیی ئیسرائیل بەسەر ناوچەکەدا وەسف دەکەن.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، حووسییەکان پێیانوایە ئیسرائیل بە "پشتیوانی و هاوبەشیی ئەمریکا" کار دەکات و، کۆماری ئیسلامیی ئێران بە "گەورەترین ئاستەنگ" لەبەردەم جێبەجێکردنی پلانەکانیدا دەزانێت. بۆیە، هەر هێرشێک بۆسەر ئێران تەنیا دژی ئەو وڵاتە نییە، بەڵکو بە مانای "زەوتکردنی ئازادی، سەربەخۆیی و کەرامەتی تەواوی ئوممەتی ئیسلامی"یە، هەروەها هەوڵێکە بۆ "بەکۆیلەکردن، سووککردن و شێواندنی ناسنامەی گەلانی ناوچەکە و داگیرکردنی نیشتمان و تاڵانکردنی سامانەکانیان."
 
بزووتنەوەکە جەخت لەوە دەکاتەوە کە ئەم شەڕە، "شەڕی هەموو ئوممەتە و رزگاری و سەرکەوتن لە جووڵەکردن و جیهادکردن لەپێناوی خوادا بەدیدێت." هاوکات ئایەتی قورئانیشیان وەکو بەڵگە هێناوەتەوە.
 
لەسەر ئەم بنەمایە، حووسییەکان بە روونی هۆشداری دەدەن و دەڵێن، "لە ئەگەری تێوەگلانی ئەمریکا لە هێرش و دەستدرێژی بۆسەر ئێران لەگەڵ ئیسرائیلی دووژمن، هێزە چەکدارەکانمان کەشتی و پاپۆڕە جەنگییەکانی لە دەریای سووردا دەکەنە ئامانج."
 
لە بەشێکی دیکەی بەیاننامەکەدا، حووسییەکان ئاماژە بەوە دەکەن، بە وردی چاودێریی "سەرجەم جووڵەکانی ناوچەکە، بەتایبەتیش جووڵە دووژمنکارانەکان دەکەن، ئامادەن بۆ گرتنەبەری رێوشوێنی پێویست و رەوا بۆ بەرگریکردن لە یەمەن."
 
هەروەها دڵنیایی دەدەن کە "شانبەشانی هەر وڵاتێکی عەرەبی و ئیسلامی دەوەستینەوە کە رووبەڕووی دەستدرێژیی ئیسرائیل ببێتەوە و لە پشتیوانیکردنی بەرخۆدانی فەلەستینی بەردەوام دەبین."
 
لە کۆتاییدا، حووسییەکان پەیمانی خۆیان دووپات دەکەنەوە کە دەستبەرداری براکانیان لە کەرتی غەززە نابن و رێگە نادەن "ئیسرائیل وەک قەوارەیەکی تاوانکار، کە لەلایەن ئەمریکاوە پشتیوانی دەکرێت، پلانەکانی لە ناوچەکەدا جێبەجێ بکات."
 
تشرینی دووەمی 2023، حووسییەکان وەکو پاڵپشتییەک بۆ غەززە لە جەنگی دژی ئیسرائیل دەستیان بە هێرشکردنە سەر ئەو کەشتییانە کرد کە بە دەریای سووردا دەڕۆن. دواتر، ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی دەستیان بە هێرشکردنە سەر حووسییەکان کرد. نیسانی ئەمساڵ، ئەمریکا هێرشەکانی بۆ سەر ئەو بزووتنەوەیە چڕتر کردنەوە و رۆژی 6 مانگی رابردووش، هەردوولا ئاگربەستیان کرد. واشنتن هێرشەکانی بۆ سەر بزووتنەوەکە رابگرێت و ئەویش هێرشەکانی بۆ سەر کەشتییەکان رابگرێت.