جەنگی ئێران و ئیسرائیل پێی نایە رۆژی 10یەم؛ دوایین زانیاری و کاردانەوەکان
رووداو دیجیتاڵ
مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران رۆژی شەممە هۆشداری لە وەڵامدانەوەیەکی "وێرانکەرتر"دا ئەگەر هەڵمەتی بۆردوومانی 10 رۆژەی ئیسرائیل بەردەوام بێت و رایگەیاند، کۆماری ئیسلامی "لەژێر هیچ بارودۆخێکدا" بەرنامە ئەتۆمییەکەی راناگرێت.
ئیسرائیل رۆژی شەممە رایگەیاند، 3 فەرماندەی دیکەی ئێرانی لە هێرشەکانیدا کوشتوون. جەدعون ساعر، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل رایگەیاند، پێشکەوتنی تاران بەرەو چەکی ئەتۆمی بەهۆی هێرشەکانەوە دوو ساڵ دواکەوتووە.
ساعر بە رۆژنامەی بیڵدی ئەڵمانی گوت: "هەموو شتێک بۆ لابردنی ئەم هەڕەشەیە دەکەین،" گوتیشی ئیسرائیل درێژە بە هێرشەکانی دەدات.
ئیسرائیل و ئێران لە 13ـی حوزەیرانەوە، چەندین زنجیرە هێرشی وێرانکەریان کردووەتەسەر یەکد. رۆژی شەممە ئیسرائیل رایگەیاند، بۆ جاری دووەم هێرشی کردووەتە سەر بنکەی ئەتۆمیی ئەسفەهانی ئێران و چاودێریی ئەتۆمیی نەتەوە یەکگرتووەکانیش راپۆرتی داوە کە کارگەیەکی دروستکردنی ئامێری سەنتریفیوج کراوەتە ئامانج.
دواتر لە رۆژی شەممەدا ئاژانسی هەواڵی میهری ئێران رایگەیاند، ئیسرائیل هێرشی کردووەتە سەر شاری شیراز لە باشووری وڵاتەکە، کە چەندین بنکەی سەربازی لەخۆدەگرێت.
بەرەبەیانی رۆژی یەکشەممەش 22-06-2025، سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، زنجیرە هێرشێکی "بەرفراوانی درۆنی بۆمبڕێژکراو" بۆ "ئامانجە ستراتیژییەکان" لە سەرانسەری ئیسرائیلدا هاوێژراوە.
ئێران رەتیدەکاتەوە هەوڵی دروستکردنی بۆمبی ئەتۆمی بدات، رۆژی شەممە پزیشکیان گوتی، مافی پەیڕەوکردنی بەرنامەیەکی ئەتۆمیی مەدەنی "ناتوانرێت بە هەڕەشە یان شەڕ لێبسەندرێتەوە."
"ئامادەی دانوستاندن نین"
لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا، پزیشکیان گوتی، ئێران "بۆ بنیادنانی متمانە لە بواری چالاکییە ئەتۆمییە ئاشتیخوازەکاندا بۆ گفتوگۆ و هاوکاری ئامادەیە."
بەپێی ئاژانسی هەواڵی فەرمیی ئێرنای ئێرانی، پزیشکیان گوتیشی: "بەڵام، ئێمە لەژێر هیچ بارودۆخێکدا بە کەمکردنەوەی چالاکییە ئەتۆمییەکانمان بۆ سفر رازی نابین."
سەبارەت بە هێرشەکانی ئیسرائیل گوتی: "وەڵامدانەوەمان بۆ بەردەوامیی دەستدرێژییەکانی رژێمی زایۆنی وێرانکەرتر دەبێت."
هێزە چەکدارەکانی ئێران هەڕەشەیان کرد، هێرش دەکەنە سەر بارەکانی هاوکاریی سەربازی بۆ ئیسرائیل "لە هەر وڵاتێکەوە بێت."
دابینکەری سەرەکیی چەکی ئیسرائیل ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکایە، کە سەرۆکەکەی دۆناڵد ترەمپ رۆژی هەینی هۆشداریدا تاران "زۆرترین" ماوە دوو هەفتەی لەبەردەمدایە بۆ خۆلادان لە ئەگەری هێرشە ئاسمانییە ئەمریکا، لە کاتێکدا واشنتن تاوتوێی ئەوە دەکات کە ئایا بەشداری لە هەڵمەتەکەی ئیسرائیلدا بکات یان نا.
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران رۆژی شەممە بۆ کۆبوونەوەی رێکخراوی هاریکاریی ئیسلامی بۆ گفتوگۆکردن لەسەر ململانێکە، لە ئیستەنبووڵ بوو.
وەزیرانی دەرەوەی بەریتانیا، فەرەنسا و ئەڵمانیا رۆژی هەینی لە جنێڤ چاویان بە عێراقچی کەوت و بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستاندنە ئەتۆمییەکان لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکان کە بەهۆی جەنگەوە پەکیکەوتبوو، هانیان دا.
عێراقچی رۆژی شەممە گوتی: "کاتێک دەستدرێژی رادەگیرێت و دەستدرێژیکار لێپرسینەوەی لەگەڵدا دەکرێت لەسەر تاوانەکانی، ئێران جارێکی دیکە ئامادەیە دیپلۆماسیەت لەبەرچاو بگرێت."
گوتیشی: "ئێمە چیدیکە ئامادە نین لەگەڵیان (ئەمریکییەکان) دانوستاندن بکەین، تاوەکو دەستدرێژی بەردەوام بێت."
سەدان کوژراو
ترەمپ، کە بایەخی بە هەوڵە دیپلۆماسییەکانی ئەورووپا نەدا، گوتی پێناچێت داوا لە ئیسرائیل بکات هێرشەکانی رابگرێت بۆ ئەوەی ئێران بگەڕێتەوە سەر مێزی گفتوگۆ.
سەبارەت بە هەڵمەتەکەی ئیسرائیل گوتی: "ئەگەر یەکێک براوە بێت، کەمێک قورسترە ئەو کارە بکەیت."
هەر بەشدارییەکی ئەمریکا ئەگەری هەیە بەکارهێنانی بۆمبی بەهێزی حەشارگەشکێنی تێدا بێت کە هیچ وڵاتێکی دیکە نییەتی بۆ وێرانکردنی دامەزراوەی ژێرزەمینی پیتاندنی یۆرانیۆم لە فۆردۆ.
بەپێی داتاکانی چاودێری و راپۆرتە میدیاییەکان، فڕۆکە بۆمبهاوێژەکانی جۆری B-2ی ئەمریکی کە توانای هەڵگرتنی بۆمبی حەشارگەشکێنیان هەیە، بەسەر زەریای هێمندا دەفڕین، ئەمەش گومانی لەسەر ئەرکە مەبەستدارەکەیان دروستکردووە.
هاوپەیمانە حووسییەکانی ئێران لە یەمەن رۆژی شەممە هەڕەشەیان کرد، هێرشەکانیان بۆ سەر کەشتییەکانی ئەمریکا لە دەریای سوور دەستپێدەکەنەوە ئەگەر واشنتن بەشداری لە جەنگەکەدا بکات، سەرەڕای ئاگربەستی ئەم دواییەی نێوان ئەمریکا و حووسییەکان.
ئاژانسی هەواڵی چالاکڤانانی مافی مرۆڤ کە بنکەکەی لە ئەمریکایە رۆژی هەینی رایگەیاند، بەپێی سەرچاوەکان و راپۆرتە میدیاییەکان، لانیکەم 657 کەس لە ئێران کوژراون، کە 263 کەسیان سڤیلن.
وەزارەتی تەندروستیی ئێران رۆژی شەممە ئامارێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، زیاتر لە 400 کەس کوژراون و 3,056 کەسیش لە هێرشەکانی ئیسرائیلدا بریندار بوون.
بەپێی ئامارە فەرمییەکان، هێرشەکانی ئێران لانیکەم 25 کوژراوی لە ئیسرائیل لێکەوتووەتەوە.
سوپای ئیسرائیل گوتی، زنجیرەیەکی نوێی هێرشی لە ناوچەی بەندەر عەباسی باشووری ئێران دەستپێکردووە، کە کۆگەکانی درۆن و دامەزراوەیەکی چەکی کردووەتە ئامانج.
میدیای ئێران گوتی، بەرگریی ئاسمانی لە ناوچەکەدا کاراکراوە.
بە درێژایی شەوەکە، ئێران گوتی نێوەڕاستی ئیسرائیلی بە درۆن و مووشەک کردووەتە ئامانج. فریاگوزارانی ئیسرائیل گوتیان، دوای ئەوەی درۆنێکی ئێرانی بەر باڵەخانەیەکی نیشتەجێبوون کەوت، هیچ زیانێکی گیانی نەبوو.
لە دوورگەی قوبرسی دەریای نێوەڕاست، ئیسرائیل رایگەیاند، "پیلانێکی تیرۆریستیی ئێرانی" کە هاوڵاتیانی ئیسرائیلی کردبووە ئامانج پووچەڵکراوەتەوە."
"ماندوو"
بەڕێوەبەرایەتیی دیپلۆماسیی گشتیی نیشتمانیی ئیسرائیل رایگەیاند، تاوەکو ئێستا زیاتر لە 450 مووشەک ئاراستەی وڵاتەکە کراوە، لەگەڵ نزیکەی 400 درۆن.
لە تەل ئەڤیڤ، کە دانیشتووانەکەی بۆ ماوەی 9 رۆژە رووبەڕووی هێرشی بەردەوامی ئێران بوونەتەوە، هەندێکیان لەژێر هەڕەشەی بەردەوامی ئێراندا ماندووبوونێکی زۆریان دەربڕی.
لەلایەکی دیکەوە، شەقامەکانی تاران رۆژی شەممە هێشتا تاڕادەیەکی زۆر هێمن بوون، هەرچەندە تەنیا چەند کافێ و چێشتخانەیەک کرابوونەوە.
پاشنیوەڕۆ، لایەنگرانی حکومەت بۆ ماوەیەکی کورت لەبەردەم بارەگای تەلەفزیۆنی دەوڵەت کۆبوونەوە و ئاڵای ئێران، فەڵەستین و حیزبوڵڵایان بەرزکردەوە لەگەڵ مۆسیقایەکی ئەلیکترۆنی کە داوای "مەرگ بۆ ئیسرائیل"ی دەکرد.
وڵاتانی رۆژئاوا بەردەوام نیگەرانیی خۆیان لەبارەی فراوانبوونی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران دەربڕیوە، بەتایبەتی پرسیاریان لەسەر پیتاندنی یۆرانیۆمی خێراکراوی وڵاتەکە هەیە.
رافایل گرۆسی، بەڕێوەبەری ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم، گوتوویەتی ئێران تاکە وڵاتی بێ چەکی ئەتۆمییە کە یۆرانیۆم تاوەکو رێژەی 60% دەپیتێنێت.
گرۆسی بە CNNی گوت "تەنیا خەیاڵپڵاوییەکی تەواوە" ئەگەر پێشبینی بکرێت چەند کاتی دەوێت تاوەکو ئێران بۆمبێک پەرەپێبدا.