وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ کۆکردنەوەی پشتیوانی دژی ئیسرائیل گەیشتە تورکیا
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوەی ئێران دوای کۆبوونەوەکانی لە جنێڤ، بۆ بەدەستهێنانی پشتیوانیی وڵاتانی ئیسلامی دژی ئیسرائیل گەیشتە ئیستەنبووڵ و رایگەیاند، داوایان کردووە کۆبوونەوەیەکی تایبەتی رێکخراوی هاریکاریی ئیسلامی بۆ سەرکۆنەکردنی "دەستدرێژییەکانی ئیسرائیل" رێکبخرێت.
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، لەگەڵ گەیشتنی بە ئیستەنبووڵ بۆ بەشداریکردن لە کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی رێکخراوی هاریکاریی ئیسلامی، رایگەیاند: "ئەم کۆبوونەوەیە پێشتر پلانی بۆ دانرابوو، بەڵام بە لەبەرچاوگرتنی دەستدرێژیی رژێمی زایۆنی بۆ سەر وڵاتەکەمان، داوامان کرد کۆبوونەوەیەکی تایبەت لەمبارەیەوە بکرێت کە خۆشبەختانە پەسند کرا."
وەزیری دەرەوەی ئێران گوتیشی: "هیوادارین راگەیێندراوێکی تووند و یەکلاکەرەوە بۆ سەرکۆنەکردنی ئەم دەستدرێژییە دەربکرێت."
ئەو وڵاتانەی لە کۆبوونەوەکە دەبن، پێشتر بە راگەیێندراوی جۆرا و جۆر هەڵوێستی خۆیان دەربڕیوە و سەرکۆنەی هێرشەکەی ئیسرائیلیان کردووە کە لە دوای ئەوەوە جەنگێکی نۆ رۆژە لەنێوان ئێران و ئەو وڵاتە بەرپابووە و هەردوولا بۆردوومانی یەکدی دەکەن.
عەباس عێراقچی ئاماژەی بەوەش دا کە سوود لەم دەرفەتە وەردەگرێت بۆ سازدانی دیداری لاوەکی لەگەڵ وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی بەشداربوو، ئەمینداری گشتیی رێکخراوی هاریکاریی ئیسلامی و هەروەها سەرۆککۆماری تورکیا.
وەزیری دەرەوەی ئێران دوێنێ دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ نوێنەرانی ئەڵمانیا، بەریتانیا و فەرەنسا و کایا کالاس، ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ گەڕانەوە بۆ سەر مێزی گفتوگۆ راگەیاند، بەڵام مەرجێکی روونی دانا کە بریتییە لە راگرتنی هێرشەکان. هاوکات جەختیشی کردەوە کە "بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران ئاشتییانەیە."
وەزیری دەرەوەی ئێران جەختی لەسەر مافی وڵاتەکەی بۆ "بەرگریکردن لە خۆی" کردەوە و گوتی: "بەردەوام دەبین لە پەیڕەوکردنی مافی رەوامان لە بەرگریکردن لە خۆمان." لەبارەی توانای سەربازیی ئێرانەوە، بە روونی گوتی: "ئامادە نین دانوستاندن لەسەر توانا بەرگرییەکانمان بکەین."