دوو هەفتە بۆ رێککەوتن یان جەنگ؟
رووداو دیجیتاڵ
ئەگەر پرسیار لەو دیپلۆماتکارە ئەمریکییانە بکەیت، کە دانوستاندنیان لەگەڵ ئێران کردووە، زۆربەیان بە شێوازێکی هاوشێوە وەڵامت دەدەنەوە و پێتدەڵێن دانوستاندن لەگەڵ ئێران پرۆسەیەکی درێژخایەنە.
نزیکەی دوو ساڵی خایاند تاوەکو رێککەوتنە ئەتۆمییەکەی سەردەمی ئۆباما ئامادە کرا. دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ لە خولی یەکەمی سەرۆکایەتییەکەیدا لەو رێککەوتنە کشایەوە، 15 مانگ پێویست بوو تاوەکو ئیدارەی بایدن جارێکی دیکە دانوستاندن بکات بۆ زیندووکردنەوەی رێککەوتنەکە، بەڵام لەو کاتەدا رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران، عەلی خامنەیی، رێککەوتنەکەی رەتکردەوە. بە سەیرکردنێکی خێرای دۆخی ئێستا و لێدوان و هەڵوێستەکانی دۆناڵد ترەمپ، ئەو پرسیارە دروستدەبێت، کە ئایا ترەمپ چ هیوایەکی هەیە لەو مۆڵەتە دوو هەفتەییەدا بەدەستی بهێنێت؟ شارەزایانی ئەو جۆرە دانوستاندنانە هۆشداری دەدەن و دەڵێن شتێکی ئەوتۆ بەدی نایەت. بەڵام لە هەمان کاتدا، دۆخەکە ئەم جارە زۆر جیاوازە.
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوە و سەرۆکی شاندی دانوستانکاری ئێران دەڵێت، ئامادەیە هاوشێوەی ئەو رێککەوتنەی دەیەیەک پێش ئێستا لەگەڵ ئەمریکا کردیان، قبووڵ بکات. بەڵام رۆژی هەینی لە جنێڤ بە هاوتا ئەوروپییەکانی گوت، "ئێران هەرگیز دانوستاندن ناکات تاوەکو ئیسرائیل بەردەوام بێت لە مووشەکبارانکردنی بنکە سەربازییەکان و دامەزراوە ئەتۆمییەکان و ئەنجامدانی تیرۆری ئامانجدار دژی ئەفسەرانی سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی و زانایانی ئەتۆمی."
لەلای خۆیەوە، دۆناڵد ترەمپ رۆژی هەینی بە رۆژنامەوانانی راگەیاند، کە زیاتر گرنگی بە لایەنی گوشاری دیپلۆماسی دەدات. ئەو سوور بوو لەسەر ئەوەی کە تەنیا ماوەیەکی کەم بۆ ئێران ماوەتەوە. گوتیشی: "من ماوەیەکیان پێدەدەم، پێموایە دوو هەفتە زۆرترین ماوە دەبێت.“ هەروەها ئەوەی رەتکردەوە، کە کۆبوونەوەکەی ئەورووپا هیچ ئەنجامێکی هەبێت و پێیوابوو تەنیا کارەکان خاودەکاتەوە. ترەمپ گوتی: "ئێران نایەوێت لەگەڵ ئەورووپا قسە بکات. ئەوان دەیانەوێت لەگەڵ ئێمە قسە بکەن. ئەورووپا ناتوانێت یارمەتیدەر بێت."
نۆیەم رۆژی جەنگەکە لە دوو خولەک و نیودا ببینە
هێشتا روون نییە ئاخۆ ترەمپ لەبارەی دانوستاندنەوە جیدییە، یاخود تەنیا کات دەکوژێت بۆ ئامادەکاریی باشتر بۆ ئەنجامدانی هێرشی سەربازی. تاوەکو ئێستاش هیچ بەڵگەیەکی ئاشکرا لەبەردەستدا نییە، کە پەیوەندییەکانی نێوان عێراقچی و ستێڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی سەرۆک ترەمپ بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، بتوانێت ببێتە هۆی کۆبوونەوەیەک، چ جای رێککەوتنێک کە ترەمپ پێی رازی ببێت. یان تەنانەت ئەوەی کە ئایا رێککەوتنێکی لەو شێوەیە بەس دەبێت بۆ راگرتنی ئیسرائیل لەسەر لەنێوبردنی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران؟.
عەباس عێراقچی شارەزای هەموو وردەکارییەکی پرۆگرامی ئەتۆمیی ئێرانە و کارەکتەرێکی سەرەکیش بوو لە دانوستاندنەکانی رێککەوتنی ئەتۆمیی ساڵی 2015، کە ترەمپ دوای سێ ساڵ لێی کشایەوە. بەڵام ئێستا بەرپرسانی ئەمریکی نازانن، کە ناوبراو چەندە کاریگەریی لەسەر رێبەری ئێران هەیە.
ستێڤ ویتکۆف تەواو پێچەوانەکەیەتی، ئەو هیچ شتێکی لەبارەی پرۆگرامی ئەتۆمیی ئێرانەوە نەدەزانی، چەند مانگی رابردووی بە خوێندنەوەی وردەکارییەکانی پیتاندنی یۆرانیۆم و مێژووی دانوستاندنەکانی ئێران بەسەر بردووە، بەڵام پەیوەندییەکی بەهێزی لەگەڵ ترەمپ هەیە، کە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی کارکردنیان لە کەرتی خانووبەرە لە نیویۆرک و بەوە ناسراوە کە کاریگەرییەکی بەرچاوی هەیە لەسەر ئەوەی چ جۆرە رێککەوتنێک لای ترەمپ قبووڵکراوە.
ریچارد هاس، لە سەردەمی جۆرج بووشی باوک بەرپرسی سیاسەتی ئێران و لە سەردەمی جۆرج دەبلیو بووش بەرپرسێکی باڵای وەزارەتی دەرەوە بوو، دەڵێت: "ئەمە کاتێکی ئاسایی نییە. گوشاری سەر ئێران، بەو پێیەی لە دۆخی دۆڕاندان، لە هەموو کاتێک زیاترە. هەروەها گوشاری سەر ترەمپیش بۆ بەکارهێنانی هێزی سەربازی زۆر گەورە دەبێت، ئەگەر دەرکەوت ئێرانییەکان هەوڵی کاتکوشتن دەدەن، نەک گەیشتن بە رێککەوتن."
سەرکەوتنی ئەو پرۆسەیە رەنگە پەیوەست بێت بەوەی ترەمپ داوای چی دەکات. ئەو "خۆبەدەستەوەدانە بێمەرجە"ـی کە بەردەوام باسی دەکات، یان راگرتنێکی سنوورداری پیتاندنی یۆرانیۆم. رۆبەرت ماڵی، کە بەشداری لە دانوستاندنەکانی رێککەوتنی 2015دا کردووە و دواتر سەرکردایەتیی هەوڵە شکستخواردووەکەی سەردەمی بایدنی کرد بۆ زیندووکردنەوەی رێککەوتنەکە، دەڵێت: "رەنگە دوو هەفتە کاتێکی گونجاو بێت بۆ خۆبەدەستەوەدانێکی بێمەرج. رۆژێکیش بۆ ئەوە بەسە.“ ماڵی پێیوایە کە ئەوە رەنگە ئەو شتە بێت کە سەرۆک ترەمپ دەیەوێت، بەڵام بە دڵنیاییەوە ئەوە نییە، کە دەستی دەکەوێت. "ئەمە وەکو ئەوە وایە بڵێی یان خۆت بکوژە، یان چارەنووسی کوژرانت قبووڵ بکە. مێژوو پێماندەڵێت کە ئەوان چارەنووسی دووەم هەڵدەبژێرن."
ماڵی ئاماژەی بەوەشکرد، کە رەنگە دەرفەتێک بۆ دەرچەیەکی دیپلۆماسی هەبێت، کە تێیدا ئێران بە خۆبەخشانە و بۆ ماوەیەکی کاتی پیتاندنی یۆرانیۆم رادەگرێت، ئەو گوتیشی، ئەمە دەتوانێت "دەرفەت بۆ دانوستاندنی ئەمریکا و ئێران بڕەخسێنێت و پەلەکردن بەرەو جەنگی ئەمریکا رابگرێت."
بەڵام زۆربەی چاودێران پێیان وایە کە ئەمە ئەو جۆرە چارەسەرە داهێنەرانەیە، کە کاتێک مووشەکەکان نەدەهاوێژران، رەنگ بوو لە ڤیەننا چەندین هەفتە یان چەندین مانگ کاری لەسەر بکرایە، پاشان بۆ واژۆی فەرمی ببردرایەتەوە بۆ تاران و واشنتن. بەڵام ئێستا کەس کاتی بۆ ئەو پرۆسەیە نییە. کاتێک عێراقچی رۆژی هەینی لە دانوستاندنەکانی جنێڤ هاتە دەرەوە، وا دەرنەدەکەوت حەزی لە دەستپێکردنی ئەو رێگەیەش بێت، هیچی لە ترەمپ کەمتر نەبوو، کە وا دەردەکەوت حەزی لە دانوستاندن نییە.
وەزیری دەرەوەی ئێران ئاماژەی بەوە کرد، کە کاتێک سەیری رابردوو دەکات، رەنگە گفتوگۆکانی لەگەڵ ویتکۆف تەنیا شانۆگەرییەکی ئەمریکی بووبێت، وەکو پەردەیەک بۆ ئیسرائیلییەکان کاتێک خۆیان بۆ جەنگ ئامادە دەکرد. عێراقچی بە میدیای ئەمریکی راگەیاند "رەنگە ئەم پلانەیان لە مێشکدا بووبێت و تەنیا پێویستیان بە دانوستاندن بووبێت بۆ ئەوەی بیشارنەوە. نازانین ئیتر چۆن متمانەیان پێبکەین. ئەوەی کردیان لە راستیدا خیانەتکردن بوو لە دیپلۆماسی.“ ئەو گوتیشی، ئێران هەرگیز بە تەواوی واز لە دروستکردنی سووتەمەنیی ئەتۆمی ناهێنێت، سفرکردنەوەی پیتاندن مەحاڵە. ئەمە دەستکەوتی زاناکانی خۆمانە، شانازیی نیشتمانییە."