بەرپرسێکی ئیسرائیلی: بنکەی ئەتۆمیی ئیسفەهانمان بۆردوومان کردەوە
رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسێکی سەربازیی ئیسرائیل رۆژی شەممە رایگەیاند، ئیسرائیل شەوی رابردوو "دوو بنکەی بەرهەمهێنانی سەنتەرفیوج"ی لە دامەزراوەی ئەتۆمیی ئیسفەهانی ئێران کردووەتە ئامانج.
ئەو بەرپرسە سەربازییە کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکات، رایگەیاند: "ئێمە لە یەکەم 24 کاژێری ئۆپەراسیۆنەکەماندا ئەسفەهانمان کردە ئامانج، بەڵام شەوی رابردوو زنجیرەی دووەمی هێرشەکانمان بۆ سەر ئەوێ ئەنجامدا، بەمەش دەستکەوتەکانمان گەورەتر کرد و زیانەکانمان لەسەر دامەزراوەکە زیاتر کرد."
ئەو بەرپرسە سەربازییە گوتیشی، بەئامانجکردنی دوو بنکەی بەرهەمهێنانی سەنتەرفیوج لە ئیسفەهان، "جگە لە چەند بنکەیەکی دیکەی بەرهەمهێنانی سەنتەرفیوج بووە کە لە رۆژانی رابردوودا توانیمان بە سەرکەوتوویی بیانکەینە ئامانج."
ئەو بەرپرسە گوتیشی، هێرشە یەک لەدوای یەکەکانی هێزی ئاسمانیی ئیسرائیل "گورزێکی گەورەیان لە تواناکانی بەرهەمهێنانی سەنتەرفیوجی ئێران داوە."
سەنتەرفیوج بۆ پیتاندنی یۆرانیۆم بەکاردەهێندرێت، چ بۆ بەکارهێنانی سڤیل و چ بۆ سەربازی، و پێویستە ئەو مادە تیشکدەرە تاوەکو ئاستێکی بەرز بپیتێنرێت بۆ ئەوەی لە چەکی ئەتۆمیدا بەکاربهێنرێت.
ئیسفەهان، لە نێوەڕاستی ئێران، بەوە ناسراوە کە دامەزراوەیەکی گۆڕینی یۆرانیۆمی لێیە، هەروەها دامەزراوەیەکی دروستکردنی سووتەمەنیی ئەتۆمی لێیە، کە لە ساڵی 2009 کرایەوە و سووتەمەنیی کەم پیتێنراو بۆ بەکارهێنان لە وێستگەکانی کارەبادا بەرهەم دەهێنێت.
لە تەممووزی 2022، ئێران پلانی دروستکردنی ریاکتەرێکی نوێی توێژینەوەی لەوێ راگەیاند.
لە یەکەم رۆژی هێرشەکانی ئیسرائیلدا لە 13ـی حوزەیران، سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، هێرشی کردوەتە سەر بنکەیەکی ئەتۆمی لە ئیسفەهان.
ئاژانسی وزەی ئەتۆمیی ئێران دوای ئەوە رایگەیاند، زیانەکە "زۆر نەبووە" و هیچ هۆکارێک بۆ نیگەرانی لەبارەی تیشکدانەوەوە نییە.
ئیسرائیل دوو بنکە ئەتۆمییە ژێرزەوییە سەرەکییەکەی ئێرانیشی، نەتەنز و فۆردۆ، کردووەتە ئامانج.