سهرۆكوهزیرانی ئیسرائیل و سەرۆکی فەلەستین سهردانی توركیا دەکەن
رووداو دیجیتاڵ
بڕیارە هەریەکە لە سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل و سەرۆکی فەلەستین بە جیا سەردانی تورکیا بکەن و لەگەڵ سەرۆککۆماری ئەو وڵاتە کۆببنەوە.
فەرمانگەی پهیوهندییهكان له سهرۆكایهتیی كۆماری توركیا ئەمڕۆ هەینی، 21-7-2023 بڵاویکردەوە، رۆژی 28ی ئەم مانگە، بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل سەردانی تورکیا دەکات.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لەسەر بانگهێشتنی سەرۆککۆماری تورکیا سەردانەکە دەکات و پێکەوە لەبارەی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات، گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە و جیهان قسە دەکەن.
بە گوێرەی میدیای ئیسرائیل، رەجەب تەیب ئەردۆغان و بنیامین نەتەنیاهوو لەبارەی بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان وڵاتەکانیان لە بواری گەشتوگوزار و ئەگەری گواستنەوەی گازی سرووشتیی ئیسرائیل بۆ تورکیا قسە دەکەن.
دوایین جار سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل سەردانی تورکیای کردبێت ساڵی 2009 بوو. ئایاری ساڵی 2010 و بەهۆی هێرشی سوپای ئیسرائیل بۆسەر ئەو کەشتییەی یارمەتی مرۆیی دەگواستەوە بۆ کەرتی غەززە، پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات تێکچوون.
بڕیاریشە رۆژی 25ی تەممووز، مهحموود عهباس، سهرۆكی دەسەڵاتی فەلەستین سەردانی تورکیا بکات و لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان کۆببێتەوە و پێکەوە پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و فەلەستین، کێشەکانی نێوان فەلەستین و ئیسرائیل تاوتوێ دەکەن.