غەززەییەکان لەوپەڕی برسێتیدا شەڕ بۆ مانەوەیان دەکەن
رووداو دیجیتاڵ
رەوشی مرۆیی لە غەززە گەیشتووەتە ئاستێکی کارەساتبار، غەززەییەکان بە رووخسارێکی لاواز و رەنگی زەردەوە، بە مەنجەڵێکەوە چاوەڕێی وەرگرتنی خواردن دەکەن.
زیاتر لە دوو ملیۆن غەززەیی، لەوپەڕی برسێتیدا شەڕ بۆ مانەوە لە ژیان دەکەن.
عەلیا حەلاوە، دانیشتووی نوسێراتە و دەڵێت، "کەرتی غەززە رووبەڕووی برسێتی بووەتەوە. نە شیر، نە خواردن، نە ئارد و نە هیچ پێداویستییەکی سەرەکیی ژیان نییە."
ئاژانسی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەنابەرانی فەلەستینی دەڵێت، رۆژ بە رۆژ راپۆرتی نائومێدکەریان لەبارەی برسێتی لە کەرتەکە پێدەگات. بەدەستخستنی خواردن نزیک بووەتەوە لە مەحاڵ، نرخی خۆراکیش بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەتەوە.
منداڵ، گەنج و پیر، ژن و پیاو لە نۆرەی وەرگرتنی ژەمێک خواردنن لەو کەمپە کە دەکەوێتە نێوەڕاستی غەززە. شەکەتی کاریگەرییەکانی جەنگ و برسیەتیی لە رادەبەدەریان پێوە دیارە.
بەراورد بە پێش دەستپێکردنی جەنگەکە، نرخی ئارد 3 هەزار هێندەی پێشوو بەرزبووەتەوە، هەندێک لە پێداویستییە سەرەکییەکانی دیکەش نرخەکانیان 40 هێندەی پێشوو بەرزبووەتەوە.
غەززەییەکان بۆ وەرگرتنی خۆراک پشت بە نێوەندەکانی دابەشکردنی خۆراک دەبەستن، بەڵام تەندروستی غەززە دەڵێت، سوپای ئیسرائیل لە نۆرەی وەرگرتنی خۆراک تەقە لە فەلەستینییەکان دەکات و تائێستا لانیکەم 900 کەسی کوشتووە.
تائێستا 87 کەس لە کەرتەکە بەهۆی برسیێتییەوە گیانیان لەدەستداوە، کە 76ـیان منداڵ بوون. جگە لە نەبوونی خواردن، دەستنەکەوتنی ئاویش، دۆخەکەی هێندەی دیکە قورستر کردووە.
عەواد سەتاری، پیاوێکی ئاوارەی خەڵکی رەفەحە و دەڵێت، "خێزانێک بە ئەستەم گاڵۆنێک ئاوی بۆ ماڵەوە دەستدەکەوێت، خێزانێکی 10 کەسیش کە دوو گاڵۆنیان هەبێت، بەشی سێ رۆژیان ناکات."
بە گوێرەی ئەو پێوانانەی لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بەکاردێن، لە 2.2 ملیۆن غەززەیی 96٪ییان برسین و نزیکەی 30٪یشیان لە برسیەتی تووندان.
ئێستا تادێت نرخی خۆراک لە کەرتەکە بەرزدەبێتەوە، پێش جەنگ، کیلۆیەک شەکر بە دۆلارێک بوو، ئێستا 60 هێندەیە. هەروەها، نرخی کیلۆیەک ئاردیش لە 2.5 دۆلارەوە بووەتە 70 دۆلار.