چوار وڵاتی ئەورووپی بۆ رووداو: لە دۆخی مرۆیی غەززە زۆر نیگەرانین

     
رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی دەرەوەی هەریەک لە وڵاتانی سوێد، بەلجیکا، هۆڵەندا و لیتوانیا بە جیا بە رووداویان راگەیاند، نیگەرانی دۆخی مرۆیین لە غەززە و هاوکاری مرۆییان گەیاندووەتە ئەو کەرتە. دەشڵێن، پێویستە ئیسرائیل هەموو کارێک بۆ ئاسانکاری گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکان بەو ناوچەیەی فەلەستین بکات. 
 
ئەیلوولی ئەم ساڵ، دامەزراوەی مرۆیی غەززە کە ئەمریکییە و ژمارەیەک رێکخراوی دیکە سەرپەرشتی دابەشکردنی هاوکارییە مرۆییەکانیان لە غەززە لە ئەستۆ گرت.
 
بەگوێرەی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە هەر 10 بارهەڵگرێک کە دەگەیێندرێتە غەززە، یەکێکیان دابەشدەکرێت، ئەوانەی دیکە لەلایەن گرووپە چەکدارەکان یان خەڵکی برسییەوە دەستی بەسەردا دەگیرێت. هەروەها، لەو کەرتەدا لە هەر سێ کەسێک یەکێکیان هەفتەی سێ ژەم خواردن دەخوات. 
 
دۆخی مرۆیی کەرتەکە وڵاتانی جیهان و ژمارەیەک رێکخراوی نێودەوڵەتی نیگەران کردووە. لەو بارەیەوە وەزارەتی دەرەوەی وڵاتانی بەلجیکا، هۆڵەندا، سوێد و لیتوانیا، وەڵامی پرسیارەکانی نیاز مستەفا، ئیدیتۆر لە دێسکی نێودەوڵەتیی تۆڕی میدیایی رووداویان داوەتەوە.
 
وەزارەتی دەرەوەی سوێد: 38 ملیۆن دۆلار هاوکاری غەززەمان کردووە
 
نووسینگەی راگەیاندنی وەزارەتی دەرەوەی سوێد بە رووداوی راگەیاند، "سوێد دووەم گەورەترین دابینکاری هاوکاریی مرۆییە بۆ غەززە لەنێو وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپا بۆ ساڵی 2025". دەشڵێت، "دۆخی مرۆیی غەززە کارەساتبارە و ئازاری خەڵکی سڤیلی کەرتەکە وێنا ناکرێت". 
 
وەزارەتەکە ئاشکرای کرد، لە 7ـی تشرینی یەکەمی 2023ـوە وڵاتەکەیان بە بەهای 690 ملیۆن کرۆنی سوێدی (38 ملیۆن دۆلاری ئەمریکی) هاوکاریی مرۆییان گەیاندووەتە غەززە. گوتیشی، لەو بڕە یەک ملیۆن دۆلاری بۆ هاوکاری منداڵانە. 
 
راگەیاندنی وەزارەتی دەرەوەی سوێد ئاماژەی بەوەش کردووە، "رێگری ئیسرائیل لە گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکان بە خەڵکی غەززە قبوڵنەکراوە و هەموو هەوڵێک بۆ زیادکردنی گوشار و گۆڕینی (دۆخی مرۆیی لە غەززە) دەدەین". 
 
وەزارەتی دەرەوەی بەلجیکا: 14.3٪ـی بودجەی هاوکاریی مرۆییمان بۆ فەلەستینییەکان بووە  
 
راگەیاندنی وەزارەتی دەرەوەی بەلجیکا بە رووداوی راگەیاند، "پار 27 ملیۆن یۆرۆ (31.4 ملیۆن دۆلار)مان وەکو هاوکاریی مرۆیی بە فەلەستین (کەرتەکانی رۆژئاوا و غەززە) بەخشی کە 14.3٪ـی بودجەی هاوکاری مرۆیی بوو". 
 
راگەیاندنی وەزارەتی دەرەوەی بەلجیکا دەشڵێت، ئەم ساڵ 7 ملیۆن یۆرۆ (8.14 ملیۆن دۆلار)یان داوە بە ئاژانسی ئونروا بۆ هاوکاریکردنی خەڵکی غەززە و کەرتی رۆژئاوا. گوتیشی، پلانی هاوکاری دیکەشیان بۆ ئەو ناوچانە هەیە. 
 
سەبارەت بە دۆخی مرۆیی کەرتەکە وەزارەتی دەرەوەی بەلجیکا ئاماژەی بەوەشکرد، "نیگەرانی زۆرمان لەبارەی دۆخی مرۆیی غەززەوە هەیە و بەلجیکا هەموو هەوڵێک بۆ گەیاندنی هاوکاریی مرۆیی بەو ناوچەیە دەدات". ئەوان ئیسرائیلیش بە بەرپرسیار دەزانن لە دروستکردنی رێگەیەکی سەلامەت، بێ ئاستەنگی و بەردەوام بۆ گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکان بەو ناوچەیە. 
 
وەزارەتی دەرەوەی هۆڵەندا: پێویستە ئیسرائیل بیسەلمێنێت هێرشەکانی بۆ بەرگریکردنە 
 
راگەیاندنی وەزارەتی دەرەوەی هۆڵەندا لەبارەی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە بە رووداوی راگەیاند، "پاڵپشتیی ئیسرائیل بۆ بەرگریکردن لە خۆی دەکەین، بەڵام پێویستە پیشانیبدات کە کارەکانی پێویستن بۆراگرتنی هێرشەکانی حەماس و هەڕەشەکانی ئەو گرووپە. سرووشت، ئاست و چڕی هێرشەکان هاوتای ئەو هێرشە بێت کە حەماس کردی و ئەو مەترسیانە بێت کە دروستیان دەکات." 
 
وەزارەتەکەی هۆڵەندا گوتیشی: "کارەکانی ئیسرائیل لەدوای تەواوبوونی ئاگربەست لە رۆژی 18ـی ئاداری 2025دا مایەی نیگەرانی جدییمانە." دەشڵێت، "پێویستە لێکۆڵینەوە لە زۆری ژمارەی قوربانییان و پرسی هاوشێوە بکرێت". 
 
حکومەتی هۆڵەندا داوا لە لایەنەکانی جەنگەکە دەکات پابەندی یاسای نێودەوڵەتی بن". جەختی لەوەشکردەوە، وڵاتەکەیان "زۆر نیگەرانی دۆخی مرۆییە لە غەززە و دۆخەکە کارەساتبارە". 
 
وەزارەتی دەرەوەی لیتوانیا: نابێت برسێتی وەکو چەکێک بەکاربهێندرێت 
 
وەزارەتی دەرەوەی لیتوانیا بە رووداوی راگەیاند، "لە ساڵی 2012ـەوە، لیتوانیا بە بەهای 800 هەزار دۆلار هاوکاریی مرۆیی بۆ فەلەستین ناردووە". 
 
دەشڵێت، "هەڵوێستی خۆمان بە ئیسرائیل گەیاندووە کە نابێت برسێتی وەکو چەکێک بەکاربهێندرێت و پێویستە دڵنیایی لە گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکان بە غەززە بدرێت". 
 
وەزارەتەکە ئاماژەی بەوەشکرد، نیگەرانی دۆخی مرۆیین لە غەززە و پێویستە بەرپرسانی ئیسرائیل رێگە بە گەیاندنی "زیاتری هاوکارییە مرۆییەکان" بە کەرتی غەززە بدەن.