سعودیە دەیەوێت جێپێی خۆی لە سووریای دوای ئەسەد قایم بکات

 
رووداو دیجیتاڵ

محەممەد حەسرەم، هەرزەکارێکی خەڵکی سووریایە کە لە تەقینەوەیەکدا هەردوو قۆڵی لەدەستداوە، ئێستا بە هاوکاریی سعودیە بووەتە خاوەن دوو قۆڵی دەستکرد. ئەمە تەنیا نموونەیەکە لە سیاسەتی نوێی ریاز، کە دەیەوێت لە رێگەی وەبەرهێنان و هاوکارییەوە، هەژموونی خۆی لە دیمەشق زیاتر بکات.
 
لەدوای رووخانی بەشار ئەسەد لە مانگی کانوونی یەکەمەوە، سعودیە بە ملیۆنان دۆلار هاوکاری و بەڵێنی وەبەرهێنانی بە سەرکردایەتیی نوێی سووریا داوە. ئەو شرۆڤەکارانەی لەم راپۆرتەدا قسەیان کردووە، دەڵێن، ئامانجی سعودیە راکێشانی سووریایە بۆ ژێر رکێفی خۆی.
 
سووریا لەماوەی شەڕدا گۆڕەپانی ململانێی زلهێزەکان بوو؛ ئێران و رووسیا پشتیوانیی ئەسەدیان دەکرد و تورکیا و ئەمریکاش پاڵپشتیی گرووپە چەکدارە جیاوازەکانیان دەکرد. ئێستا کە هاوپەیمانەکانی ئەسەد پاشەکشەیان کردووە و سووریا هەوڵی ئاوەدانکردنەوە دەدات، سعودیە سامانی نەوتی خۆی بۆ فراوانکردنی هەژموونی خۆی لەو وڵاتەدا بەکاردەهێنێت.
 
عومەر کەریم، شارەزای سیاسەتی سعودیە لە زانکۆی بێرمنگهام دەڵێت، ئامانجە سەرەکییەکانی سعودیە "هێشتنەوەی سووریایە لەنێو بەرەی سعودی" و "دڵنیابوونەیە لەوەی سووریای نوێ لەسەر پرسەکانی پەیوەست بە لوبنان، حیزبوڵڵا و ئێران، هاوڕای ریاز بێت."
 
چەند مانگێکە سعودیە هەوڵی نزیکبوونەوە لە سەرکردە نوێیەکانی سووریا دەدات، بۆ ئەوەی ئەو وڵاتە لە هەژموونی ئێران و رووسیا دووربخاتەوە.
 
لە مانگی ئایار، محەممەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعودیە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکای رازیکرد بەشێکی گەمارۆکانی سەر سووریا لابدات. هەروەها کۆبوونەوەیەکی مێژوویی لەنێوان ترەمپ و ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری قۆناخی راگوزەری سووریادا رێکخست، کە پێشتر "جیهادی" بووە و ماوەی پێنج ساڵ لە عێراق لەلایەن ئەمریکییەکانەوە زیندانی کرابوو.
 
شانشینەکە سامانە زەبەلاحە نەوتییەکەی بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی خستووەتەگەڕ. 
 
لە تەممووزدا، سعودیە چەندین گرێبەستی وەبەرهێنان و رێککەوتنی بە بەهای 6.4 ملیار دۆلار لەگەڵ سووریا واژۆکرد بۆ یارمەتیدانی ئاوەدانکردنەوەی دوای شەڕ.
 
"پڕکردنەوەی بۆشایی"
 
سعودیە بەڵێنیداوە قوتابخانە، نەخۆشخانە و نانەواخانەکان نۆژەن بکاتەوە، پاشماوەی وێرانکارییەکان لە شارەکان لاببات و 1.65 ملیۆن بەرمیل نەوتی خاویش بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا بداتە سووریا.
 
ئەم هەوڵانەی سعودیە لە کاتێکدایە کە قەتەر و تورکیاش، کە دوو پاڵپشتیکاری سەرەکیی حکومەتی نوێی سووریان، کێبڕکێی فراوانکردنی هەژموون دەکەن. عومەر کەریم دەڵێت، ریاز دەیەوێت دڵنیابێتەوە کە "هەژموونی هیچ وڵاتێکی دیکەی کەنداو بەسەر سعودیەوە زاڵ نابێت و هاوسەنگییەکیش بەرامبەر هەژموونی تورکیا دروستبکات."
 
محەممەدی تەمەن 13 ساڵ بە دڵخۆشییەوە باسی قۆڵە نوێیەکانی دەکات و دەڵێت: "ئێستا دەتوانم دووبارە پێنووس بەکاربهێنم، وێنە بکێشم و لەگەڵ هاوپۆلەکانم یاری بکەم."
 
رائید ساڵح، وەزیری کاروباری فریاکەوتن و کارەساتەکانی سووریا، ستایشی هەوڵەکانی سعودیەی کرد و رایگەیاند، پڕۆژەکان "پێگەی سعودیە لەنێو سوورییەکاندا بەهێز دەکەن."
 
بەڵام لە ئیدلب، کە لە کاتی شەڕدا پێگەی سەرەکیی دەسەڵاتدارە نوێیەکان بوو، حەمادی رفعی تەمەن 40 ساڵ کە خاوەن دوکانە، هۆشداری دەدات و دەڵێت: "وەبەرهێنانەکانی سعودیە باشن، بە مەرجێک کاریگەریی سیاسی یان دەستوەردانیان لە کاروباری نێوخۆدا نەبێت."
 
جێگرەوەیەک بۆ کێپتاگۆن
 
بە بڕوای راهبە سەیف عەلام، شارەزای کاروباری سووریا، سعودیە "هەوڵدەدات ئەو بۆشاییە گەورەیە پڕبکاتەوە" کە دوای کۆتاییهاتنی زیاتر لە نیو سەدە لە دەسەڵاتی بنەماڵەی ئەسەد دروستبووە.
 
عەلام دەڵێت، ئامانجی هاوکارییە ئابووری و مرۆییەکانی سعودیە دروستکردنی "بەرەیەکی بەرگرییە بۆ کەنداو، تاوەکو رێگری لەوە بکرێت سووریا دووبارە بکەوێتەوە نێو ئاژاوە یان لەگەڵ بەرە ناجێگیرەکانی ناوچەکە هاوپەیمانی بکات."
 
هەروەها ریاز هیوادارە سنوورێک بۆ بازرگانیی بەرفراوانی حەبی کێپتاگۆن دابنێت، کە لە کاتی شەڕی ناوخۆدا بووە گەورەترین هەناردەی سووریا و سەرچاوەیەکی سەرەکیی داهاتی حکومەتەکەی ئەسەد.
 
شانشینی سعودیە بووەتە بازاڕێکی گەورەی کێپتاگۆن و لە ساڵی 2023ـدا پەیوەندییەکانی لەگەڵ حکومەتی ئەسەد ئاساییکردەوە، بەو هیوایەی دیمەشق بازرگانییەکە بوەستێنێت، بەڵام هەوڵەکان سەرکەوتوو نەبوون.
 
عەلام دەڵێت، "هێشتا یەکێک لە ئامانجەکان بنبڕکردنی تەواوەتیی پیشەسازیی کێپتاگۆنە، ئەوەش لە رێگەی دابینکردنی جێگرەوەیەکی ئابووریی یاساییەوە."