چی رێگرە لەبەردەم دامەزراندنی دەوڵەتی فەلەستین؟
رووداو دیجیتاڵ
یەکێک لە گەرمترین پرسەکان لە جیهانی ئەمڕۆی سیاسەتی نێودەوڵەتیدا، پرسی بە دەوڵەتبوونی فەلەستینە. ئەمڕۆ، بەریتانیا، کەنەدا، پۆرتوگال و ئوسترالیا دانیان بەو دەوڵەتەدا نا، ئێستا لە 193 ئەندامی نەتەوە یەکگرتووەکان، 152یان دانیان پێدا ناوە.
ژمارەیەک رێگری یاسایی و مێژوویی و ناکۆکی لە ئاستی نێودەوڵەتیدا هەن بۆ بە دەوڵەتبوونی فەلەستین، دیارترینیان ڤیتۆی ئەمریکایە لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان.
پرۆسەی داننان بە دەوڵەتێک لە نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەنجوومەنی ئاسایش
ئێستا 193 وڵات ئەندامی نەتەوە یەکگرتووەکانن. لەو کاتەوەی دامەزراوە هیچ ئەندامێکی نەبووە ئەگەر دەوڵەتی سەربەخۆ نەبووبێت.
بۆ ناوچەیەک کە سەرکردەکانی بیانەوێت وەکو وڵاتێکی سەربەخۆ ببێتە ئەندامی نەتەوە یەکگرتووەکان پێویستە 9 لە 15 دەنگی ئەندامانی ئەنجوومەنی ئاسایش بەدەست بهێنێت. هەروەها، نابێت هیچ کام لە پێنج ئەندامە هەمیشەییەکە ڤیتۆی بکەن، ئەوانیش ئەمریکا، چین، رووسیا، بەریتانیا و فەرەنسان.
دوای ئەم هەنگاوە، پێویستە 66٪ی ئەندامانی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان پاڵپشتی بڕیارەکە بکەن، ئێستا فەلەستین لەلایەن 78٪یانەوە دانی پێداندراوە.
تاوەکو ئێستا فەلەستین دووجار داواکاری بە ئەندامبوونی پێشکێش کردووە، یەکەمیان ئەیلوولی 2011 و ئەوەی دیکەش نیسانی پار بوو. یەکەمیان نەبرایە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایش و ئەوەی دیکەش بە ڤیتۆی ئەمریکا رێگری لێکرا.
بەرپرسانی ئەمریکا چەند جارێک رایانگەیاندووە، پرسی داننان بە دەوڵەتی فەلەستیندا هیچ لەو بابەتە ناگۆڕێت کە ئەوان دانی پێدا نانێن تاوەکو ئەو کاتەی فەلەستین و ئیسرائیل لەسەر ئەو پرسە رێکنەکەون.
خاک
پرسی خاک یەکێکی دیکەیە لە بەربەستەکانی بەردەم داننان بە دەوڵەتی فەلەستین دا. زۆرینەی ئەو وڵاتانەی دانیان پێدا ناوە لە چوارچێوەی سنوورەکانی ناوچەکەیە بە گوێرەی نەخشەی ساڵی 1967.
لەو نەخشەیەدا کەرتی رۆژئاوا، کەرتی غەززە و رۆژهەڵاتی قودس-ئۆرشەلیم خاکی فەلەستین پێکدەهێنن. ئێستا، سەروو 85٪ی ئەو ناوچەیە لەژێر کۆنترۆڵی تەواوەتی ئیداری و سەربازی ئیسرائیلدایە.
لەو ناوچانەی فەلەستین کە لەلایەن ئیسرائیلەوە کۆنترۆڵکراون، تەل ئەڤیڤ لانیکەم 160 کۆمەڵگەی جوونشینی تێدا دروستکردوون کە 700 هەزار جوویان تێدا دەژین. نەتەوە یەکگرتووەکان دروستکردنی ئەو کۆمەڵگانەی بە نایاسایی داناوە، بەڵام ئیسرائیل ئامادە نییە چۆڵیان بکات و پلانی دروستکردنی کۆمەڵگەی دیکەشی هەیە.
ناکۆکیی مێژوویی و چۆنیەتی بەڕێوەبردنی فەڵەستین
یەکێکی دیکە لەو پرسانەی ریگرە لە بەردەم یەکلاکردنەوەی دۆزەکەدا پرسی قودس-ئۆرشەلیمە. ئەو شارە بە شارێکی گرنگ لەلای جووەکان و موسڵمانان دادەنرێت؛ هیچکامیان ئامادەنین لە بەرامبەر ئەوەی دیکەدا دەستی لێهەڵبگرن.
هەروەها، ئەمریکا و بەشێکی دیکەی ئەو وڵاتانەی دژایەتی دانپێدانانن بە دەوڵەتی فەڵەستیندا، بەڕێوەبردنی وڵاتەکە بە گەورەترین بەربەست دەبینن. یەکێک لەو بەربەستانەش حەماسە. ئەوان دەڵێن، نابێ گرووپەکە و هیچ گرووپێکی دیکەی چەکداری فەڵەستینی رۆڵیان لە بەڕێوەبردنی فەڵەستیندا هەبێت لە ئەگەری دامەزراندنی وڵاتێکی لەو جۆرەدا.
هەرچەندە ئەو رێگریانەی سەرەوە هەن، بەڵام داننان بە دەوڵەتی فەڵەستیندا لە رووی بنەما نێودەوڵەتییەکانەوە گرنگی هەیە، لەوانە دابینکردن و پێدانی هاوکاریی مرۆیی زیاتر بە فەڵەستینییەکان، ئاسانتر دروستکردنی پەیوەندیی دیپلۆماسی و چەندانی دیکە.