لە ترسی هێرشی سەربازی، 200 نەخۆش نەخۆشخانەی ئیندۆنیزیی غەززە چۆڵ دەکەن
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی تەندروستیی غەززە رایگەیاند، دوای ئەوەی ''هێرشێکی سەربازیی ئیسرائیل 12 کەسی کوشت و لەبەر مەترسیی زیاتری هێرش، 200 نەخۆشمان لە نەخۆشخانەی ئیندۆنیزییەوە بۆ نەخۆشخانەی ناسر گواستووەتەوە''.
درەنگی شەوی دووشەممە (20-11-2023) ئەشرەف قودرە، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی غەززە رایگەیاند، بە یارمەتیی رێکخراوی خاچی سوور، 200 نەخۆش لە نەخۆشخانەی ئیندۆنیزییەوە بە پاس گوازراونەتەوە نەخۆشخانەی ناسڕ لە خان یونسی باشووری کەرتەکە.
ئەشرەف قودرە راشیگەیاند، "سوپای ئیسرائیل گەمارۆی نەخۆشخانەی ئیندۆنیزیی دەدات. ئێمە، لە دووبارەبوونەوەی هەمان چارەنووسی نەخۆشخانەی شیفا، دەترسین."
لەبارەی نەخۆشە جێهێڵراوەکانی نێو نەخۆشخانەکەوە گوتی، "هێشتا 400 نەخۆشی دیکە لە نێو نەخۆشخانەکەدا ماون. وەزارەتی تەندروستیی غەززە لەگەڵ خاچی سوور لە هەماهەنگیی و کاردایە بۆ چۆڵکردنی تەواوەتیی نەخۆشخانەکە."
گوتەبێژەکە ئەوەشی خستەڕوو؛ نەخۆشخانەکە نزیکەی دوو هەزار بێماڵ و حاڵی تێدایە، کە بەهۆی بۆردوومان و شەڕەوە ئاوارەبوون.
میدیای حەماس چەند کاژێرێک پێش ئەوە ریگەیاندبوو، چەندین تانک و ئۆتۆمبێلی سەربازییان لە دەوروبەری نەخۆشخانەی ئیندۆنیزی بینیوە و چەند جارێکیش تەقەیان لە نەخۆشخانەکە کردووە.
بەیانیی هەمان رۆژیش ئەشرەف قودرە رایگەیاندبوو "بەهۆی هێرشێک بۆ سەر نەخۆشخانەی ئیندۆنیزی، 12 کەس کوژران کە بەشێکیان نەخۆش بوون، هەروەها چەندین کەسیش برینداربوون."
بەگوێرەی بەرپرسێکی نەخۆشخانەکە، 650 نەخۆش لەنێو دامەزراوەکەدا بوون، 100 نەخۆش پێویستییان بە نەشتەرگەریی بەپەلە هەیە. هێرشەکانی ئیسرائیل زیانی مادی و گیانییان هەبووە و چەندین نۆرینگە و ئامێریشیان تێکداوە.
سوپای ئیسرائیل ئۆپەراسیۆنەکانی لەسەر تەواوی نەخۆشخانەکانی باکووری غەززە چڕکردووەتەوە و، حەماس بەوە تۆمەتبار دەکات؛ دامەزراوە پزیشکییەکان بۆ مەرامی سەربازی بەکاردەهێنێت، لە هەمانکاتدا دەیانکاتە قەڵخانی مرۆیی بۆ خۆپاراستن لە هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل.
ئەوە لەکاتێکدایە چەند رۆژێکە ئیسرائیل بە چەندین زرێپۆش، تانک و چەکی قورسەوە گەمارۆی کۆمەڵگەی تەندروستیی شیفای داوە لە باکووری غەززە. ئیسرائیل دەڵێت، حەماس ئەو کۆمەڵگە پزیشکییە بەرکادەهێنێت و توونێل و بارەگای چەکداریی تێدایە، حەماسیش ئەوە رەتدەکاتەوە.