ئەردۆغان بۆ پزیشکیان: رێگریکردن لە گرژییەکان لە بەرەژەوەندیی تورکیادایە
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆککۆماری تورکیا، بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ سەرۆککۆماری ئێران کرد.
ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 22ـی کانوونی دووەمی 2026، سەرۆکایەتیی فەرمانگەی پەیوەندییەکان لە سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا، راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، رەجەب تەیب ئەردۆغان، بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران کردووە.
وەک لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، لە دیدارەکەدا پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان تورکیا و ئێران و بابەتە هەرێمییەکان تاوتوێ کراون.
لە دیدارەکەدا ئەردۆغان ئاماژەی بەوە کرد، لە نزیکەوە چاودێری ئەو رووداوانە دەکات كە لە ئێران دەگوزەرێن. رایگەیاندووە، تورکیا گرنگی بە ئارامی و سەقامگیریی ئێران دەدات و هیچ کاتێک بە ئەرێنی لە سیناریۆکانی دەستوەردانی دەرەکی بۆ سەر ئێران ناڕوانن.
سەرۆککۆماری تورکیا جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە چارەسەرکردنی کێشەکان و رێگریکردن لە هەڵکشانی گرژییەکان لە ناوچەکەدا، لە بەرژەوەندیی تورکیادایە.