کوێت یاداشتێکی ناڕەزایەتیی تووند دەداتە عێراق

 
رووداو دیجیتاڵ

حکومەتی کوێت بە فەرمی ناڕەزایەتیی بەرامبەر بڕیارێکی نوێی عێراق دەربڕی و بەغدا تۆمەتبار دەکات بەوەی لە رێگەی نەخشە نوێیەکانیەوە، "دەستوەردان" لە سەروەریی خاک و ئاوەکانیدا دەکات.
 
شەممە 21-02-2026 وەزارەتی دەرەوەی کوێت لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، عەزیز رەحیم دیحانی، جێگری وەزیری دەرەوەی کوێت بە وەکالەت، بانگهێشتی د. زەید عەباس شەنشول، کاربەڕێکەری باڵیۆزخانەی عێراقی لە کوێت کردووە و یاداشتێکی ناڕەزایەتیی پێداوە.
 
ناڕەزایەتییەکەی کوێت دوای ئەوە دێت، عێراق لیستێکی نوێی پۆتان و نەخشەی ناوچە دەریاییەکانی رادەستی نەتەوە یەکگرتووەکان کردووە. 
 
کوێت دەڵێت، ئەو نەخشانە "دەستوەردانە لە سەروەریی دەوڵەتی کوێت بەسەر ناوچە دەریاییەکان."
 
وەزارەتی دەرەوەی کوێت بە دیاریکراوی ئاماژەی بە ناوچەکانی (فەشتولقەید و فەشتولعەیج) کردووە و دەڵێت، ئەو شوێنانە پێشتر هیچ کێشە و ململانێیەکیان لەسەر نەبووە، بەڵام لە نەخشە نوێیەکەی عێراقدا گۆڕانکارییان تێدا کراوە.
 
فەشتولقەید و فەشتولعەیج، رووبەرێکی زەوییە کە بە شێوەیەکی سرووشتی لە کاتی کشانەوەی ئاودا لە سەرووی ئاستی دەریاوە دەردەکەوێت، دەکەوێتە ناو ئاوە هەرێمییەکانی کوێت، لە نزیک سنوورەکانی عێراق و خۆر عەبدوڵڵا.
 
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا، کوێت داوا لە عێراق دەکات رەچاوی "پەیوەندییە مێژووییەکانی نێوان هەردوو وڵات و گەلانی برا" بکات و جەخت دەکاتەوە، دەبێت بەغدا بە شێوەیەکی جیدی و بەرپرسانە مامەڵە بکات.
 
حکومەتی کوێت داواکارییەکەی ئاراستەی بەغدا کردووە کە پابەندی بنەماکانی یاسای نێودەوڵەتی و رێککەوتننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ یاسای دەریاکان (ساڵی 1982) بێت. هەروەها جەختی کردووەتەوە، پێویستە عێراق رێز لەو لێکتێگەیشتن و رێککەوتنە دووقۆڵییانە بگرێت، کە پێشتر لەنێوان هەردوو وڵاتدا بۆ پاراستنی سەقامگیری و سنوورەکان واژۆ کراون.
 
کێشەی سنوورە دەریاییەکانی نێوان عێراق و کوێت یەکێکە لە دۆسیە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەردوو وڵات، کە ناوە ناوە دەبێتە هۆی دروستبوونی گرژیی دیپلۆماسی لە نێوانیاندا.
 
پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ یاسای دەریاکانی ساڵی 1982، لە 16ی تشرینی دووەمی 1994دا چووە بواری جێبەجێکردنەوە، کە چوارچێوەیەکی یاسایی گشتگیر بۆ میکانیزمی سوودوەرگرتن لە ئاوی دەریا و زەریاکانی جیهان داناوە، هەروەها پاراستنی سەرچاوە ژینگەیی و دەریایییەکان و سوودوەرگرتنی دادپەروەرانە لەو سەرچاوانە.