سعودیە تێکشکاندنی 51 درۆنی لە ناوچەی شەرقیە راگەیاند
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی بەرگریی سعودیە رایگەیاند، سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی وڵاتەکەی توانیویەتی 51 درۆنی بۆمبڕێژکراو لە ئاسمانی ناوچەی شەرقیە تێکبشکێنێت، کە بە چەندین شەپۆلی جیاواز ئاراستەی ناوچەکە کرابوون.
گوتەبێژی فەرمیی وەزارەتی بەرگریی سعودیە لە زنجیرەیەک راگەیێندراوی بەپەلەدا رایگەیاند. رۆژی شەممە 21-3-2026 هێزەکانیان بەرپەرچی هێرشێکی بەرفراوانی درۆنییان داوەتەوە کە ناوچەی شەرقیەی کردبووە ئامانج.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکانی وەزارەتی بەرگریی سعودتە، هێرشەکان بە 14 جار کراون و سەرجەم درۆنەکان پێش گەیشتن بە ئامانجەکانیان، لە ئاسماندا تێکشێندراون.
گەورەترین شەپۆلی هێرشەکان لە سەرەتای رۆژەکەدا بووە، کە تێیدا بەیەکجار 12 درۆن و لە شەپۆلێکی دیکەدا 10 درۆن تێکشێندراون. شەپۆلەکانی دیکە لە نێوان یەک بۆ شەش درۆن بوون، کە بە گشتی دەگاتە 51 درۆن لە ماوەی یەک رۆژدا.
وەزارەتی بەرگریی سعودیە باسی لە سەرچاوەی هێرشەکان نەکردووە، بەڵام یەکێک لەو وڵاتانەی کە ئامانجی هێرشەکانی ئێرانە لە کەنداو، سعودیەیە، پێشتر سعودیە هۆشداری دابوو کە لە بەرامبەر هێرشەکانی ئێران بێدەنگ نابێت.
لە 28ی شوباتی ئەمساڵ هێرشی ئەمریکا/ئیسرائیل بۆ سەر ئێران دەستیپێکرد، ئێران دەستبەجێ وەڵامی هێرشەکانی دایەوە و لەگەڵ ئەوەشدا هێرشی کردە سەر زۆربەی وڵاتانی کەنداو، لەوانەش سعودیە.