بەحرێن دەڵێت تائێستا نزیکەی 400 مووشەک و درۆنی ئێرانیان تێکشاندووە

 
رووداو دیجیتاڵ

فەرماندەیی گشتیی هێزەکانی بەرگریی بەحرێن رایگەیاند، لە سەرەتای دەستپێکردنی هێرشەکانی ئێرانەوە تاوەکو ئێستا، سیستەمەکانی بەرگریی ئاسمانیی وڵاتەکەی توانیویانە 143 مووشەک و 244 درۆن تێکبشکێنن.
 
بەرەبەیانی رۆژی یەکشەممە 22-03-2026، فەرماندەیی گشتیی هێزەکانی بەرگریی بەحرێن لە راگەیێندراوێکدا ئاشکرای کرد، کە لە کاتی دەستپێکردنی گرژییەکان و هێرشەکانی ئێران بۆ سەر خاکی وڵاتەکەیان، بە گشتی 387 مووشەک و درۆنیان تێکشکاندوون.
 
فەرماندەیی هێزەکانی بەرگریی بەحرێن داوا لە هاونیشتمانییان دەکات بۆ پاراستنی سەلامەتییان رەچاوی چەند خاڵێک بکەن، لەوانە: گرتنەبەری بەرزترین ئاستی وریایی و دوورکەوتنەوە لەو شوێنانەی زیانیان بەرکەوتووە، دەستکارینەکردنی هەر تەنێکی گوماناوی و پاشماوەی مووشەک و درۆنەکان. قەدەخەکردنی وێنەگرتنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان و شوێنی کەوتنەخوارەوەی پارچەکان و بڵاونەکردنەوەی دەنگۆ و وەرگرتنی زانیاری تەنیا لە سەرچاوە فەرمییەکان و میدیا حکومییەکانەوە.
 
فەرماندەیی هێزەکانی بەرگریی بەحرێن، ئێران بە هێرشەکان تۆمەتبار دەکات و دەڵێت: "بەکارهێنانی مووشەکی بالیستی و درۆن بۆ لێدانی ناوچە مەدەنییەکان و موڵکی تایبەت، پێشێلکارییەکی روونی یاسا نێودەوڵەتییەکان و میساقی نەتەوە یەکگرتووەکانە."
 
لە 28ی شوباتەوە، کە هێرشی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران دەستیپێکردووە، بەحرێن یەکێکە لەو وڵاتانەی کەنداو بە پاساوی بوونی هێزەکانی ئەمریکا لەسەر خاکەکەی، رووبەڕووی هێرشەکانی ئێران بووەتەوە.