ئەرتەشی ئێران: بە درۆن هێرشمان کردە سەر پیشەسازیی ئاسمانیی ئیسرائیل

 
رووداو دیجیتاڵ

ئەرتەشی ئێران رایگەیاند، لە بەرەبەیانی ئەمڕۆوە بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان (درۆن) هێرشیان کردووەتە سەر چەند ئامانجێکی هەستیار لە ئیسرائیل و بنکەیەکی هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوی ژمارە 39ی پەیوەندییە گشتییەکانی سوپای ئێران، درۆنە هێرشبەرەکانیان لە دوو بەرەی جیاوازەوە ئۆپەراسیۆنیان کردووە.
 
ئەرتەشی ئێران دەڵێت، ناوەندی پیشەسازیی ئاسمانیی ئیسرائیلیان لە نزیک بنکەی ئاسمانیی 'بن گۆریۆن' کردووەتە ئامانج. بە گوتەی ئەرتەش ناوەندەکە رۆڵێکی سەرەکی و ستراتیژی هەیە لە بەرهەمهێنانی فڕۆکەی جەنگی، درۆن، مووشەک و سیستمی بەرگریی ئاسمانی بۆ سوپای ئیسرائیل و هەناردەکردنی چەک.
 
ئەرتەشی ئێران هەروەها رایگەیاندووە کە هێرشیان کردووەتە سەر شوێنی جێگیربوونی "فڕۆکە سیخوڕییەکان"ی ئەمریکا لە بنکەی ئاسمانیی 'شازادە سوڵتان' لە ناوچەکە.
 
سوپای ئێران ئاماژەی بەوەش کردووە، بنکەی شازادە سوڵتان بۆ ماوەی سێ دەیە وەک ناوەندی ئۆپەراسیۆنە پێشکەوتووەکان و سیستمی فەرماندەیی و کۆنترۆڵی ئەمریکا بەکارهاتووە و جێگەی فڕین و نیشتنەوەی فڕۆکە جەنگییەکانی جۆری F-15، F-16، F-35 و فڕۆکەکانی ئاواکس و سیخوڕییە.
 
تاوەکو ئێستا لایەنی ئیسرائیلی و ئەمریکی هیچ لێدوانێکی فەرمییان لەبارەی ئەو هێرشە درۆنییانەی ئەرتەشی ئێران باسی کردووە، بڵاونەکردووەتەوە، بەڵام سوپای ئیسرائیل بڵاوی کردووەتەوە ئەمڕۆ یەکشەممە 11 ئامانجی سەربازی و هەواڵگریان لە سنووری پارێزگای تاران بۆردوومان کردووە.