هێلیکۆپتەرێکی قەتەری لەناو دەریادا کەوتەخوارەوە و چارەنووسی ستافەکەی نادیارە
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی بەرگریی قەتەر رایگەیاند، هێلیکۆپتەرێکی سەربازیی وڵاتەکەی بەهۆی "کێشەی تەکنیکی"یەوە لەناو ئاوە هەرێمییەکاندا کەوتووەتە خوارەوە و تاوەکو ئێستا گەڕان بەدوای ستافەکەی و سەرنشینەکانیدا بەردەوامە.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە 22-03-2026، وەزارەتی بەرگریی قەتەر لە راگەیێندراوێکدا ئاشکرای کرد، هێلیکۆپتەرێکیان لە کاتی ئەرکێکی رۆتینیدا تووشی کێشەی تەکنیکی بووە، ئەمەش بووەتە هۆی کەوتنەخوارەوەی لەناو ئاوە هەرێمییەکانی ئەو وڵاتەدا.
وەزارەتی بەرگریی قەتەر رایگەیاند، تیمە پەیوەندیدارەکان خەریکی گەڕانن بەدوای ستافی فڕۆکەکە و ئەو سەرنشینانەی لەناویدا بوون، بەڵام ئاماژەی بە ژمارەی سەرنشینەکان نەکرد و چارەنووسیان تاوەکو ئێستا نادیارە.
هەروەها وەزارەتی ناوخۆی قەتەر لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، تیمە پسپۆڕەکانیان دەستیان بە ئۆپەراسیۆنی گەڕان و رزگارکردن لەناو دەریا کردووە.
لە راگەیێندراوەکەی وەزارەتی ناوخۆدا هاتووە کە هەریەکە لە "تیمی گەڕان و رزگارکردنی دەریایی" سەر بە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی ئاسایشی کەناراوەکان و سنوور، لەگەڵ "گرووپی نێودەوڵەتیی گەڕان و رزگارکردنی قەتەر" سەر بە هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ (لخۆیا) بەشدارن لە ئۆپەراسیۆنەکەدا بۆ دۆزینەوەی سەرنشینانی هێلیکۆپتەرەکە.