سێ مووشەکی بالیستی ئاراستەی سعودیە کران

 
رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی بەرگریی سعودیە رایگەیاند، بەرپەرچی هێرشێکی مووشەکییان بۆ سەر ریاز داوەتەوە. هاوکات میدیای ئێرانیش بڵاویکردەوە، لە کوێت دوای لێدانی زەنگی ئاگادارکردنەوە، دەنگی چەند تەقینەوەیەک لە بنکەیەکی سوپای ئەمریکا بیستراوە.
 
بەرەبەیانیی رۆژی یەکشەممە 22-03-2026 گوتەبێژی فەرمیی وەزارەتی بەرگریی سعودیە رایگەیاند، سێ مووشەکی بالیستی ئاراستەی ناوچەی ریاز کراون، تێیدا سیستمی بەرگریی ئاسمانی توانیویەتی یەکێک لە مووشەکەکان تێکبشکێنێت، دوو مووشەکەکەی دیکەش لە ناوچەیەکی چۆڵ کەوتوونەتە خوارەوە.
 
بەپێی راگەیێندراوێکی دیکەی وەزارەتەکە، بەر لە هێرشە مووشەکییەکە، هێزەکانیان توانیویانە چوار درۆن لە ئاسمانی ناوچەی شەرقیەی تێکبشکێنن.
 
وەزارەتی بەرگریی سعودیە پێشتر رایگەیاندبوو، تەنیا رۆژی شەممە 51 درۆنیان لە ناوچەی شەرقییە خستووەتە خوارەوە.
 
هەر دوای هێرشە مووشەکییەکەی سەر سعودیە میدیاکانی ئێران بڵاویان کردەوە، دوای لێدانی زەنگی ئاگادارکردنەوە، دەنگی چەند تەقینەوەیەکی بەهێز لە بنکەی هێزەکانی سوپای ئەمریکا لەو وڵاتە بیستراوە. 
 
تاوەکو ئێستا فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریکا (سێنتکۆم) یان حکومەتی کوێت هیچ روونکردنەوەیەکی فەرمییان لەو بارەیەوە بڵاونەکردووەتەوە.