زیاتر لە 62,000 یەکەی نیشتەجێبوونی لوبنان بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە تێکچوون
رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی لوبنان رایگەیاند، لە ئەنجامی هێرشەکانی ئیسرائیل لە جەنگی دژی حیزبوڵڵا، زیاتر لە 62 هەزار یەکەی نیشتەجێبوون لەو وڵاتەدا وێران بوون یان زیانیان پێگەیشتووە.
شادی عەبدوڵڵا، سەرۆکی ئەنجوومەنی نیشتمانی بۆ توێژینەوەی زانستی CNRS، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانییدا ئامارە نوێیەکانی خستەڕوو و گوتی: "لە ماوەی نزیكەی 45 رۆژی جەنگدا، 21,700 یەکەی نیشتەجێبوون بە تەواوەتی وێران بوون و 40,500 یەکەی دیکەش زیانیان پێگەیشتووە."
لە 2ـی ئادارەوە، کاتێک حیزبوڵڵا بە هەڵدانی مووشەک بۆ سەر ئیسرائیل تێوەگلانی خۆی لە جەنگەکەدا راگەیاند، زیاتر لە 2,400 کەس لە لوبنان کوژراون و زیاتر لە ملیۆنێک کەسیش ئاوارە بوون.
بەرپرسانی لوبنان و شاھیدحاڵەکان ئاماژە بەوە دەکەن، سەرەڕای ئاگربەستە 10 رۆژییەکە کە رۆژی هەینی دەستی پێکردووە، هێزەکانی ئیسرائیل بەردەوامن لە تەقاندنەوەی ماڵەکان لەو شارۆچکە سنوورییانەی کە لە باشووری لوبنان کۆنتڕۆڵیان کردوون. بەپێی خەمڵاندنەکانی (CNRS)، تەنیا لە سێ رۆژی یەکەمی ئاگربەستدا، 428 یەکەی نیشتەجێبوون وێران کراون و 50ـی دیکەش زیانیان بەرکەوتووە.
تەمەرا زەین، وەزیری ژینگەی لوبنان لە کۆنفرانسە رۆژنامەڤانییەکەدا رایگەیاند، ئەو هێرشانەی لە نێوان ساڵانی 2023 بۆ 2025 کراون، "وێرانکاریی یەکجار گەورەیان لە هەموو ئاستەکاندا جێهێشتووە." زەین گوتیشی، لەو ماوەیەدا زیاتر لە 220 هەزار یەکەی نیشتەجێبوون زیانیان بەرکەوتووە.
وەزیری ژینگە رایگەیاند، بۆردوومانەکانی ئیسرائیل تەنیا گەڕەکە نیشتەجێبوونەکانی نەگرتووەتەوە، بەڵکو زیانی گەورەی بە ژێرخانی مەدەنی، پەرستگەکان، کێڵگە کشتوکاڵییەکان و دارستانەکانیش گەیاندووە.
ئەم ئامارانە لە کاتێکدا بڵاودەکرێنەوە، بڕیارە رۆژی پێنجشەممە، گەڕی دووەمی دانوستاندنە راستەوخۆکانی نێوان ئیسرائیل و لوبنان لە واشنتن بەڕێوەبچێت. بەرپرسێکی لوبنانی رایگەیاند، لوبنان لەم کۆبوونەوەیەدا داوای درێژکردنەوەی ماوەی ئاگربەست دەکات تاوەکو رێگری لە وێرانکاریی زیاتر بگرێت.