چوار وڵاتی ئەورووپا هۆشداری دەدەنە ئیسرائیل: فراوانکردنی کۆمەڵگە جوونشینەکان سەقامگیری تێکدەدات

 
رووداو دیجیتاڵ

ئیتاڵیا، فەرەنسا، بەریتانیا و ئەڵمانیا، رۆژی هەینی داوایان لە ئیسرائیل کرد فراوانکردنی کۆمەڵگە جوونشینەکان لە کەرتی رۆژئاوا رابگرێ و رایانگەیاند، حکومەتی ئەو وڵاتە بەو کارەی "سەقامگیریی ناوچەکە و دەرفەتەکانی چارەسەری دوو دەوڵەت" تێکدەدات.
 
داواکاری بۆ لێپرسینەوە و راگرتنی کۆمەڵگەی جوونشین
 
ئەو چوار وڵاتە لە راگەیێندراوێکی هاوبەشدا گوتیان، "داوا لە حکومەتی ئیسرائیل دەکەین کۆتایی بە فراوانکردنی کۆمەڵگەکانی جوونشین بهێنێت، گەرەنتیی لێپرسینەوە لە تووندوتیژیی کۆمەڵگە جوونشینەکان بکات و لێکۆڵینەوە لەو تۆمەتانە بکات کە ئاراستەی هێزەکانی ئیسرائیل دەکرێن."
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، دۆخی کەرتی رۆژئاوای فەڵەستین لە چەند مانگی رابردوودا بە شێوەیەکی بەرچاو تێکچووە و تووندوتیژیی نیشتەجێبووە ئیسرائیلییەکان بۆسەر فەڵەستینییەکان گەیشتووەتە "ئاستێکی بێ وێنە."
 
ئەو وڵاتانە بە تووندی سەرکۆنەی پلانی کۆمەڵگە جوونشینەکان (ئی یەک) دەکەن، کە پڕۆژەیەکی نوێی بیناسازییە و بڕیارە 3,400 یەکەی نیشتەجێبوون لەسەر رووبەری 12 کیلۆمەتر چوارگۆشە لە کەرتی رۆژئاوای داگیرکراو دروست بکرێت. ئەوان ئەم هەنگاوەیان بە "پێشێلکارییەکی جیدیی یاسا نێودەوڵەتییەکان" ناوبرد و هۆشدارییان داوەتە کۆمپانیاکان، بەشداری لە تەندەرەکانی ئەم پڕۆژەیەدا نەکەن، چونکە رووبەڕووی لێکەوتەی یاسایی و زیان گەیشتن بە ناوبانگیان دەبنەوە.
 
جگە لە بابەتی کۆمەڵگەکانی جوونشین، وڵاتانی ئاماژەپێکراو داوایان لە ئیسرائیل کردووە ئەو سنووردارکردنە داراییانەی لەسەر دەسەڵاتی فەڵەستین و ئابووریی فەلەستینییەکان دایناوە، هەڵیانبگرێت. هەروەها جەختیان کردووەتەوە، بە تووندی دژی هەر لایەنێک دەوەستنەوە - تەنانەت ئەگەر ئەندامی حکومەتی ئیسرائیلیش بن - کە داوای لکاندنی خاک و راگواستنی زۆرەملێی فەڵەستینییەکان دەکەن.
 
گرژییە دیپلۆماسییەکان و ڤیدیۆکەی بن-گڤیر
 
ئەم راگەیێندراوە هاوبەشە دوای هەفتەیەکی پڕ لە گرژی لە پەیوەندییەکانی نێوان ئەورووپا و ئیسرائیل دێت.
 
هۆکارەکەش بۆ بڵاوبوونەوەی ڤیدیۆیەک دەگەڕێتەوە کە تێیدا خراپیی مامەڵەی هێزە ئەمنییەکانی ئیسرائیل لەگەڵ ژمارەیەک چالاکڤانی ئەورووپی دەردەکەوت.
 
ڤیدیۆکە لەلایەن ئیتامار بن-گڤیر، وەزیری ئاسایشی نیشتمانیی ئیسرائیل بڵاوکرایەوە و تێیدا چالاکڤانەکان بە دەستبەستراوی لەسەر چۆک دانیشێندراون.
 
دوای بڵاوبوونەوەی ڤیدیۆکە، ئیتاڵیا و ئیسپانیا داوایان لە یەکێتیی ئەورووپا کرد سزای بن-گڤیر بدات، بەریتانیاش باڵاترین دیپلۆماتی ئیسرائیلی لە لەندەن بانگهێشت کرد بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی بەرامبەر ئەو ڤیدیۆیە کە بە "دنەدەرانە" ناوی برد.