لە هێرشەکانی ئیسرائیلدا بۆسەر باشووری لوبنان 10 کەس کوژران
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی تەندروستیی لوبنان دەڵێ، سەرەڕای ئاگربەست، بەهۆی هێرشەکانی رۆژی هەینیی ئیسرائیلەوە بۆسەر باشووری وڵاتەکە 10 کەس کوژراون، کە بەشێکیان کارمەندی فریاگوزاری بوون.
لە هێرشێکدا بۆسەر گوندی دێر قانوون نەهر، 6 کەس کوژران کە دووانیان کارمەندی فریاگوزاری بوون و کچێکی بچووکی سووریایشی تێدابوو.
لە هێرشێکی دیکەشدا بۆسەر شارۆچکەی حەناوەی، 4 کارمەندی دیکەی فریاگوزاری کە سەر بە رێکخراوێکی نزیک لە حیزبوڵڵان، کوژران.
سوپای ئیسرائیلیش رایگەیاند کە لە نزیک سنوور، دوو چەکداریان کردوونەتە ئامانج و کوشتوویانن؛ هەروەها هۆشداریی دایە دانیشتووانی گوندی بورج رەحال کە ماڵەکانیان چۆڵ بکەن.
هەڵوێستی حیزبوڵڵا و سزاکانی ئەمریکا
محەممەد رەعد، سەرۆکی فراکسیۆنی حیزبوڵڵا لە پەرلەمانی لوبنان رایگەیاند: "ئیسرائیل لە گۆڕەپانی شەڕدا بێ هیوا بووە، بۆیە تووڕەیی خۆی بەسەر گوندەکان و خەڵکی سڤیلدا دەڕێژێ؛" هەروەها باسی لەوە کرد، بەردەوام دەبن لە هێرشکردنە سەر سەربازانی ئیسرائیل و بە تووندیش دژی هەر جۆرە دانوستاندنێکی راستەوخۆن لەگەڵ ئیسرائیل.
لەلایەکی دیکەوە، ئەمریکا سزای بەسەر 9 کەسدا سەپاند کە پەیوەندییان بە حیزبوڵڵاوە هەیە، بە تۆمەتی ئەوەی رێگرن لە پرۆسەی ئاشتی لە لوبنان. دوو لەو کەسانە ئەفسەری سوپای لوبنانن.
شەڕی ئیسرائیل و حیزبوڵڵا لە 2ـی ئادار دەستیپێکرد، دوای ئەوەی حیزبوڵڵا لە تۆڵەی کوژرانی رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران لە هێرشێکی ئەمریکا و ئیسرائیلدا، هێرشی کردە سەر ئیسرائیل.
سەرەڕای ئەوەی لە 17ـی نیسانەوە ئاگربەست راگەیێندراوە و هەفتەی رابردووش بۆ 45 رۆژی دیکە درێژکرایەوە، بەڵام هێرشەکانی هەردوولا بەردەوامن. ئێستا سوپای ئیسرائیل تاوەکو قووڵایی 10 کیلۆمەتر چووەتە نێو خاکی لوبنانەوە.
بەپێی ئامارەکان، تاوەکو ئێستا لە لوبنان لانیکەم 3 هەزار و 111 کەس کوژراون، لە بەرامبەریشدا سوپای ئیسرائیل کوژرانی 22 سەربازی خۆی راگەیاندووە.