جەیمس جێفری: یاسای قەیسەر رێگرنابێت لەبەردەم گەیاندنی یارمەتییە مرۆییەکان بۆ سووریا

 
رووداو - هەولێر

نوێنەری تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری سووریا رایگەیاند، ئامانج لە جێبەجێکردنی یاسای قەیسەر گوشارخستنەسەر حکومەتی سووریایە بۆئەوەی کۆتایی بە هێرشەکانی بۆسەر خەڵکی سڤیل بهێنێت.
 
جەیمس جێفری کە هاوکات نێردەی تایبەتی ئەمریکایە بۆ هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش گوتی، یاساکە بە کۆدەنگی دیموکرات و کۆمارییەکانی وڵاتەکەی ئامادەکرا و دەتوانێت فاکتەرێکی گوشاربێت بۆئەوەی لە چوارچێوەی بڕیاری ژمارە 2254ی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکاندا چارەسەرێکی سیاسی بۆ سووریا بدۆزرێتەوە.
 
نوێنەری تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری سووریا ئاماژە بەوە دەکات "یاسای قەیسەر لە ساڵی 2019 دانراوە بۆ پاراستنی خەڵکی سووریا لە رژێمی ئەسەد بە دوو رێگە: یەکەم، کۆتاییهێنان بە هێرشەکانی ئەسەد بۆسەر خەڵکی سووریا و دووەمیش بۆئەوەی داوابکرێت لە پرۆسەی سیاسیدا بەشداری بکرێت تاوەکو لە چوارچێوەی بڕیاری ژمارە 2254ی نەتەوە یەکگرتووەکان چارەسەرێکی سیاسی بۆ رەوشی ئەو وڵاتە بدۆزرێتەوە؛ ئەوە سیاسەتی ئەمریکایە نە لێی لادەدەین و نە دەیگۆڕین. سیاسەتمان گۆڕینی رژێم نییە، هەروەها رێککەوتنێکی جیاش نییە لەگەڵ هیچ کەس، بەڵکو ئەوە پرۆسەی نەتەوە یەکگرتووەکانە کە ئێمە پشتگیریی لێ دەکەین".
 
دابەزینی بەهای لیرە و گرانبوونی پێداویستییەکان بەهۆی سزای ئەمریکا و یەکێتیی ئەوروپاوە، خەڵکی سووریای نیگەرانکردووە. ئەگەری راوەستانی یارمەتییە مرۆییەکانیش بەهۆی یاساکەوە نیگەرانییەکانیانی قوڵتر کردووەتەوە، بەڵام جەیمس جێفری ئەوە رەتدەکاتەوە و جەخت لەوە دەکاتەوە، یاساکە هیچ کاریگەرییەکی لەسەر گەیاندنی یارمەتییە مرۆییەکان نابێت.
 
یاساکە چەند داواکارییەکی بەهێز لەسەر یارمەتیی مرۆیی لەخۆدەگرێت، جەیمس جێفری دەڵێ "ئێمە بەتەواوی پابەند دەبین بەو داواکاریانەوە. ئێمە نیازمان نییە هیچ شتێک بە ئامانج بگرین کە یارمەتیی مرۆیی بگەیێنێتە هەر شوێنێکی سووریا، لەنێویشیاندا ناوچەکانی ژێردەستی رژێم. لەپاڵ هەوڵەکانمان بۆ جێبەجێکردنی ئەو یاسایە، یەکەم شت کە ئێمە بیکەین ئەوەیە کە دڵنیابین لەوەی بەشێوەیەکی زیاتر و باشتر هاوکاریی پێداویستییە مرۆییەکانی سووریا بکەین، جگە لەو 10 ملیار و 600 ملیۆن دۆلارەی کە پێشتر بۆ ئەو مەبەستە تەرخانکرابوو. ئێمە نەک تەنها هیچمان نەکردووە بۆ وەستاندنی هاوکاریی مرۆیی بۆ ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی رژێم، بەڵکو لەڕاستیدا هاوکاریشیان پێ دەدەین".
 
رۆژی 17ی ئەم مانگە، یاسای قەیسەر چووە بواری جێبەجێکردنەوە و کۆمەڵێک کەسایەتی و لایەنی حکومەتی سووریا و هاوپەیمانەکانی سزای داراییان خرایەسەر، لەنێویشیاندا، بەشار ئەسەدی سەرۆکی سووریا و هەندێک لە ئەندامانی خێزانەکەی. هەروەها، بەپێی یاساکە، هەر لایەنێک مامەڵە لەگەڵ حکومەتی سووریادا بکات یان وەبەرهێنان لە ناوچەکانی ژێردەستی بکات، ئەوا رووبەڕووی سزاکانی ئەمریکا دەبێتەوە.