ئیسرائیل دەڵێت، خۆی بۆ دەستپێکردنەوەی گەشتە ئاسمانییەکان ئامادە دەکات
رووداو دیجیتاڵ
کۆمپانیای نیشتمانیی فڕۆکەوانیی ئیسرائیل رایگەیاند، خۆی بۆ دەستپێکردنەوەی گەشتە ئاسمانییەکان ئامادە دەکات و لە کاژێر 02:00ی دوانیوەڕۆی ئەمڕۆوە، گەشتەکان بۆ دەرەوەی ئیسرائیل دەستپێدەکەنەوە.
کۆمپانیاکە لە راگەیێندراوێکدا گوتی، "ئێمە چاوەڕێی رێنوێنیی دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی سڤیل و دەسەڵاتی فڕۆکەخانەکان دەکەین، هەر کە پێمانگەیشتن، ئاگادارتان دەکەینەوە."
ئەمڕۆ هەموو کۆمپانیا فڕۆکەوانییەکانی ئیسرائیل گەشتەکانیان وەستاندن، دوای ئەوەی ئاسمانی ئیسرائیل داخرا، پاش ئەوەی کە ئەمریکا هێرشی کردە سەر بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران.
دەسەڵاتی فڕۆکەخانەکانی ئیسرائیل ئاماژە بەوە دەکات، ئامادەکاری بۆ کردنەوەی سنووری ئاسمانی ئیسرائیل دەکات.
دامەزراوەکە گوتی: "هێشتا هیچ کاتێک بۆ کردنەوەی سنووری ئاسمانی دیاری نەکراوە. بە گوێرەی پەرەسەندنەکانی دۆخەکە و بە هاوئاهەنگی لەگەڵ لایەنە جیاجیاکان، دەکرێتەوە."