ئێران هەڕەشە لە ئەمریکا دەکات: دەبێت واشنتن چاوەڕوانی لێکەوتەی هێرشەکەی بێ


رووداو دیجیتاڵ 

ئێران هەڕەشە لە بنکەکانی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەکات، ئەوەش دوای ئەو هێرشە ئاسمانییە بەرفراوانەی واشنتن رایگەیاند، بەرنامە ئەتۆمییەکەی تارانی پێ وێران کردووە.
 
عەلی ئەکبەر ویلایەتی، راوێژکاری عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران رایگەیاند، رەنگە ئەو بنکانەی هێزەکانی ئەمریکا بەکاریان دەهێنن، هێرشیان بکرێتەسەر.
 
عەلی ئەکبەر ویلایەتی بە میدیای وڵاتەکەی گوت: "هەر وڵاتێک لە ناوچەکە یان هەر شوێنێکی دیکە کە هێزەکانی ئەمریکا بۆ هێرشکردنە سەر ئێران بەکاریان دەهێنن، وەک ئامانجێکی رەوا بۆ هێزە چەکدارەکانمان هەژمار دەکرێن."
 
راوێژکارەکەی عەلی خامنەیی گوتی: "ئەمریکا هێرشی کردووەتە سەر دڵی جیهانی ئیسلامی و دەبێت چاوەڕوانی لێکەوتەکەی بێت".
 
بەرەبەیانی ئەمڕۆ هێزی ئاسمانیی ئەمریکا هێرشی کردە سەر سێ بنکەی ئەتۆمی لە ئێران. 
 
پیت هێگسەس، وەزیری بەرگریی ئەمریکا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیی پێنتاگۆندا رایگەیاند، بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران لە ئەنجامی هێرشە ئاسمانییەکە "وێرانکراوە".
 
بەڵام راوێژکارێکی رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران گوتی، پڕۆگرامی ئەتۆمیی وڵاتەکەی بەو ئاسانییە لەنێوناچێ.
 
عەلی شەمخانی لە پۆستێکدا لە تۆڕی ئێکس نووسی: "تەنانەت ئەگەر بنکە ئەتۆمییەکانیش وێران بکرێن، یارییەکە کۆتایی نایەت، مادە پیتێندراوەکان، زانیاریی خۆماڵی، و ویستی سیاسی هەر دەمێننەوە."