ئەنجوومەنی سووریای دیموکرات: جگە لە هاوئاهەنگی لەگەڵ سوپای سووریا هەسەدە هیچ بژاردەیەکی دیکەی نییە
رووداو- رادیۆ
هاوسەرۆکی ئەنجوومەنی سووریای دیموکرات -مەسەدە رایگەیاند، ئەگەر هێرشی تورکیا لە باکووری سووریا رووبدات، قەیرانی کۆچبەران زیاتر دەکات. دەشڵێت، بۆ ئەوەی هەڵەی عەفرین دووبارە نەبێتەوە، جگە لە هاوئاهەنگی لەگەڵ سوپای سووریا، هەسەدە هیچ بژاردەیەکی دیکەی نییە.
ریاز دەڕار، هاوسەرۆكی ئەنجوومەنی سوریای دیموكراتی MSD بە رادیۆی رووداوی راگەیاند: "توركیا دەیەوێت سوود لە دۆخی نێودەوڵەتی وەربگرێت بۆ بەهێزكردنی پێگەكانی لە سووریا، ئەمەش بۆ ئەوەی رۆڵی خۆی دەربخات ئەگەر چارەسەرێك بۆ سووریا بدۆزرێتەوە، بۆ ئەوەی لە هەموو وردەکارییەکانی ئەو چارەسەرەدا ئامادە بێت."
هاوسەرۆکی ئەنجوومەنی سووریای دیموکرات گوتی: "ئەم دۆخە کاریگەری لەسەر هەموو خەڵکی سووریا هەیە و قەیرانی کۆچبەران هێندەی دیکە خراپتر دەکات، بە تایبەت ئەگەر لە تەلڕەفعەت و منبج هێرشی تورکیا رووبدات، چونکە لەو ناوچەیەدا کۆچبەر زۆرن".
سەبارەت بە ئامادەکارییەکانی هەسەدە و ئیدارەی خۆسەر، هاوسەرۆکی مەسەدە گوتی: "ئێمە ئامادەکاریی گشتیمان بۆ ئەمە کردووە، هەرچەندە تورکیا لە لووتکەی تاراندا گڵۆپی سەوزی لە ئێران و رووسیا وەرنەگرت، بەڵام هێشتا بڕیاری ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی هەرماوە، هەر سێ لایەنەکەش گەیشتوونەتە رێککەوتن لەسەر نەمانی هێزەکانی ئەمریکا لەو ناوچانەی باکووری سووریا، بۆیە رەنگە هەڕەشە لەو قەزایانە بکرێت کە هێزەکانی ئەمریکایان تێدان".
لەبارەی ئەو بژاردانەی کە لەبەردەستی هەسەدەیە لە ئەگەری ئۆپەراسیۆنێکی دیکەدا، ریاز دەڕار ئاماژەی بەوەدا کە "جگە لە هاوئاهەنگی لەگەڵ سوپای سووریا، هیچ بژاردەیەکی دیکە بۆ هەسەدە نەبووە، ئەم هاوئاهەنگییەش بەمەبەستی دووبارە نەکردنەوەی هەڵەی عەفرینە".