وەزارەتی بەرگریی ئیسرائیل: 727 فەلەستینیمان لە کەرتی رۆژئاوا دەستگیر کردووە

 
رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی بەرگریی ئیسرائیل رایگەیاند، لە کەرتی رۆژئاوای فەلەستین 727 داواکراویان دەستگیر کردووە.
 
رۆژی یەکشەممە 22-10-2023 وەزارەتی بەرگریی ئیسرائیل لە بڵاوکراوەیەکدا گوتی، "46 کەسی داواکراو بە گومانی تێوەگلان لە چالاکیی تیرۆرستی دەستگیر کراون، کە 27 لەوانە چەکداری گرووپی حەماسن."
 
وەزارەتەکە هەروەها گوتی، "لە شارەکانی قەباتیای باشووری پارێزگای جنین و حەبرۆنی باشووری ئۆرشەلیم (قودس) دەستمان بەسەر چەندین چەکدا گرتووە. هەروەها، چاپخانەیەکمان داخست و دەستمان بەسەر کەلوپەلەکانیدا گرت، کە لەلایەن گرووپە چەکدارەکانەوە بەکاردەهات بۆ بڵاوکردنەوەی پڕوپاگەندە."
 
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "فەرماندەیەک لە شاری بیرە لە باکووری ئۆرشەلیم (قودس) کە یەکێک بوو لە چالاکڤانەکانی حەماس، دەستگیر کراوە. هەروەها، دوو چەکداری گرووپی جیهادی ئیسلامی لە شاری قەباتیا دەستگیر کران و دەست بەسەر چەکەکانیاندا گیرا."
 
لەگەڵ دەستپێکی شەڕی گرووپە چەکدارەکانی فەلەستین و ئیسرائیل لە 07-10-2023؛ سوپای ئیسرائیل دەڵێت، تائێستا 727 فەلەستینییان دەستگیر کردووە، کە 480 لەوانە چەکداری گرووپی حەماسن.
 
چالاکییەکانی سوپای ئیسرائیل رۆژ دوای رۆژ لە کەرتی رۆژئاوا لە زیادبووندان، هەر ئەمڕۆ سوپای ئیسرائیل بڵاویکردەوە، "مزگەوتی ئەنسار لە کامپی جنین کە ناوەندێکی چالاکیی تیرۆریستی و پلاندانان بوو، لە شاری جنینی کەرتی رۆژئاوا" بۆردوومانیان کردووە.
 
وەزارەتی تەندروستیی فەلەستین رایگەیاند، "بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە 22-10-2023، سەربازانی ئیسرائیل هێرشیان کردە سەر کامپی عەسکەر لە رۆژهەڵاتی شاری نابلس لە کەرتی رۆژئاوای داگیرکراو. لە ‌هێرشەکەدا گەنجێکی فەلەستینی بەناوی مالیک جەمیل شەرقاوی کە تەمەنی 26 ساڵە شەهید بوو. هەروەها سەربازانی داگیرکەر 3 هاووڵاتی دیکەیان بریندار کرد و هاووڵاتییەکی دیکەشیان دەستگیرکرد."
 
تائێستا وەزارەتی بەرگریی ئیسرائیل هیچ لێدوانێکی لەبارەی ئەو راگەیێندراوەی وەزارەتی تەندروستیی فەلەستین نەداوە.
 
بەگوێرەی بەرپرسانی وەزارەتی تەندروستیی فەلەستین، لانیکەم 90 هاووڵاتیی فەلەستینی لە ئەنجامی گرژییەکانی ئەم چەند رۆژەی رابردوودا، لە کەرتی رۆژئاوا کوژراون.