ئیسرائیل ئۆپەراسیۆنی وشکانی لە لوبنان فراوان دەکات


رووداو دیجیتاڵ 

سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، ئۆپەراسیۆنە وشکانییەکانی دژی حیزبوڵڵا لە ناو خاکی لوبنان فراوانتر دەکات و هۆشداریی دا، ئەم جەنگە "درێژخایەن" دەبێت. ئەم بڕیارە دوای ئەوە هات کە ئیسرائیل پردە ستراتیژییەکانی سەر رووباری لیتانی بۆردوومان کرد و بەیرووتیش ئەمەی بە "بەزاندنی راشکاوی سەروەریی وڵات" وەسفکرد.

بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیران و یسرائیل کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل فەرمانیان بە سوپا دا، دەستبەجێ هەموو ئەو پردانەی سەر رووباری لیتانی تێکبدەن کە حیزبوڵڵا بۆ گواستنەوەی چەک و چەکدار بەکاریان دەهێنێت.
 
لە شاری سوور (Tyre) هێرشە ئاسمانییەکان پردێکی سەرەکییان پێکا و دووکەڵێکی چڕ ناوچەکەی گرتەوە. ئاژانسی نیشتمانیی هەواڵی لوبنان (NNA) رایگەیاند، چوار هێرش کراوەتە سەر پردێکی نزیک شاری سوور و بە تەواوەتی لە کاریان خستووە، ئەمەش زیانی زۆری بە تۆڕی کارەبا و دووکان و باخەکانی دەوروبەری گەیاندووە.
 
ئیال زەمیر، سوپاسالاری ئیسرائیل گوتی: "ئۆپەراسیۆنەکە دژی حیزبوڵڵا تەنیا لە سەرەتادایە و ئەمە جەنگێکی درێژخایەن دەبێت." هاوکات گوتەبێژی سوپا رایگەیاند، فراوانبوونی ئۆپەراسیۆنی وشکانی لە هەفتەی داهاتوودا دەستپێدەکات.
 
لە بەرامبەردا، جۆزێف عەون، سەرۆککۆماری لوبنان هۆشداری دا، پێکانی پردەکان هەوڵێکە بۆ دابڕینی باشووری وڵات لە بەشەکانی دیکە و گوتی ئەمە "سەرەتایەک و پێشەکییە بۆ داگیرکاریی وشکانیی گشتگیر."
 
ئاژانسی (NNA) بڵاویکردەوە، هێزەکانی ئیسرائیل دەستیان کردووە بە تەقاندنەوەی چەندین خانوو لە شارۆچکەی (تەیبە) لە سەر سنوور. حیزبوڵڵا بەرپرسیارێتیی کردنی 60 هێرشی لە یەک رۆژدا گرتە ئەستۆ، کە تێیدا بنکەکانی ئیسرائیلی لە باکووری ئەو وڵاتە و هێزە وشکانییەکانی لە ناو شارۆچکەکانی ناقورە، خیام و مارون رەس کردووەتە ئامانج.
 
سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، رۆژی شەممە توانیویانە "فەرماندەی هێزە تایبەتەکانی یەکەی رەزوان" (یەکێک لە هێزە بژاردەکانی حیزبوڵڵا) بکوژن، بەڵام ناسنامەکەی ئاشکرا نەکرد. ئیسرائیل جەخت دەکاتەوە، دەیەوێت ناوچەیەکی دابڕاو دروست بکات تاوەکو دانیشتووانی باکووری وڵاتەکەی بگەڕێنەوە ماڵەکانیان.
 
بەپێی دوایین ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستیی لوبنان؛ لە ماوەی سێ هەفتەی جەنگدا، هەزار و 29 کەس لە لوبنان کوژراون. تەنیا لە رۆژی یەکشەممەدا چوار کەس گیانیان لەدەستداوە و ژمارەی ئاوارەکان یەک ملیۆن کەسی تێپەڕاندووە.
 
لە لایەکی دیکەوە، سوپای ئیسرائیل تاوەکو ئێستا کوژرانی دوو سەربازی خۆی لە باشووری لوبنان پشتڕاستکردووەتەوە و لێکۆڵینەوەش لە کوژرانی سڤیلێک دەکات کە گومان دەکرێت بە (تەقەی هەڵەی) سەربازانی خۆیان بووبێت.