ئارامکۆی سعودی هەناردەی نەوت بۆ ئاسیا کەم دەکاتەوە
رووداو دیجیتاڵ
کۆمپانیای ئارامکۆی سعودی، کە گەورەترین هەناردەکاری نەوتە لە جیهان، بڕیاری دا بڕی هەناردەی نەوتی خاو بۆ کڕیارە ئاسیاییەکان لە مانگی نیساندا کەم بکاتەوە. ئەم بڕیارە دوای ئەوە دێت کە جەنگی نێوان ئەمریکا-ئیسرائیل و ئێران رێڕەوی بازرگانیی لە تەنگەی هورمز پەکخستووە.
رۆژی دووشەممە، 23ـی ئاداری 2026، رۆیتەرز لە زاری چەند سەرچاوەیەکەوە رایگەیاندووە، ئارامکۆ بۆ مانگی نیسان تەنیا نەوتی "سووکی عەرەبی" لە رێگەی بەندەری یەنبوعەوە (لەسەر دەریای سوور) بۆ ئەو کڕیارانە دابین دەکات کە گرێبەستیان لەگەڵ کۆمپانیاکە هەیە، ئەمەش وەک رێکارێک بۆ دوورکەوتنەوە لە ئاڵۆزییەکانی تەنگەی هورمز.
ئەم جەنگەی ئێستا کە چووەتە هەفتەی چوارەمییەوە، بازاڕەکانی جیهانی بە تەواوی شڵەژاندووە.
ئێران وەک وەڵامدانەوەیەک، تەنگەی هورمزی بە کردەیی داخستووە و ژێرخانی وزەی وڵاتانی کەنداو، لەنێویاندا کۆمپانیای ئارامکۆی کردووەتە ئامانج.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و بەرپرسانی ئێرانیش هەڕەشەی تووندترکردنی جەنگەکە و بەردەوامبوون لە بە ئامانجگرتنی دامەزراوەکانی وزە و سووتەمەنی لە کەنداو دەکەن.
ترەمپ رۆژی شەممە، 21ـی ئادار هۆشدارییەکی تووندی دا و رایگەیاند، ئەگەر تاران تەنگەی هورمز بە تەواوی نەکاتەوە، وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبای ئێران "دەسڕێتەوە".
سعودیە، کە گەورەترین هەناردەکاری نەوتە لە جیهاندا، دەتوانێت رۆژانە تاوەکو 7 ملیۆن بەرمیل نەوت لە رێگەی هێڵی بۆریی "رۆژهەڵات-رۆژئاوا" بگەیێنێتە بەندەری یەنبوع لەسەر دەریای سوور.
ئەمەش وای کردووە جیاواز لە وڵاتانی وەک عێراق، کوێت و ئیمارات، ناچار نەبێت بەرهەمهێنانی نەوت بە رێژەیەکی زۆر کەم بکاتەوە، چونکە ئەو وڵاتانە رێگەی جێگرەوەی کەمیان بۆ هەناردەکردن هەیە.
کۆمپانیای ئارامکۆ لە 10ی ئادار رایگەیاند، نزیکەی پێنج ملیۆن بەرمیل لەو بڕە نەوتە دەتوانرێت بۆ هەناردەکردن تەرخان بکرێت، لە کاتێکدا بڕەکەی دیکە بۆ پاڵاوگە نێوخۆییەکان دەچێت.
زۆربەی ئەو نەوتەی سعودیە، بەرەو کیشوەری ئاسیا دەچێت و چین گەورەترین پشکی بەردەکەوێت کە رۆژانە 2.2 ملیۆن بەرمیلە.
یەکەم تانکەری نەوتیش لە 10ی ئاداردا لە یەنبوعەوە بەرەو ئاسیا بەڕێکەوتووە.
بە گوێرەی ئارامکۆی سعودی، تێکڕای بارکردنی نەوت لە بەندەری یەنبوع لە سەرەتای مانگی ئادارەوە بۆ 2.6 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا بەرزبووەتەوە، لە کاتێکدا لە مانگی شوباتدا 1.4 ملیۆن بەرمیل و لە کانوونی دووەمیشدا تەنیا 1.3 ملیۆن بەرمیل بووە.