شەپۆلێکی نوێی هێرش وڵاتانی کەنداوی هەژاند

 
رووداو دیجیتاڵ

هەریەکە لە وڵاتانی سعودیە، ئیمارات و بەحرێن رووبەڕووی شەپۆلێکی نوێی هێرشی مووشەکی و درۆنی بوونەوە. دەنگی تەقینەوە و زەنگی ئاگادارکردنەوە لە سەرانسەری ناوچە نەوتییەکانی کەنداو بیسترا، ئەمەش دڵەڕاوکێیەکی زۆری لای دانیشتووان دروست کردووە.
 
وەزارەتی بەرگریی سعوودیە رایگەیاند، بەرەبەیانی دووشەممە 23-03-2026 دوو مووشەکی بالیستییان دەستنیشان کردووە کە ریازی پایتەختیان کردبووە ئامانج. وەزارەتەکە لە راگەێندراوێکدا گوتی، "سیستمی بەرگری توانی یەکێک لە مووشەکەکان لە ئاسماندا تێکبشکێنێت، بەڵام مووشەکی دووەم لە ناوچەیەکی چۆڵ و بێ دانیشتووان کەوتە خوارەوە."
 
وەزارەتی بەرگریی ئیمارات رایگەیاند، هێزە ئاسمانییەکانیان خەریکی بەرپەرچدانەوەی "هەڕەشە مووشەکی و درۆنییەکانی ئێرانن." وەزارەتەکە روونی کردەوە، ئەو دەنگە بەهێزانەی لە ناو شارەکاندا بیستراون، دەرەنجامی کاراکردنی سیستمی بەرگریی ئاسمانی بووە بۆ تێکشکاندنی تەنە هاوێژراوەکان. چەند کاژێرێک بەرلەو هێرشانە، بەرپرسانی ئەبوزەبی رایانگەیاند، هاووڵاتییەکی هیندی بەهۆی کەوتنەخوارەوەی پاشماوەی مووشەکێکی تێکشکێنراو بریندار بووە.
 
لە بەحرێنیش زەنگی ئاگادارکردنەوە لە چەندین ناوچە لێدرا و داوا لە خەڵک کرا دەستبەجێ پەنا ببەنە بەر پەناگەکان. وەزارەتی ناوخۆی بەحرێن لە پۆستێکی فەرمیدا داوای لە هاووڵاتییان و دانیشتووانی وڵاتەکەی کرد "هێمن بن و بەرەو نزیکترین شوێنی پارێزراو بڕۆن تاوەکو مەترسییەکان کەم دەبنەوە."
 
وڵاتانی کەنداو کە ساڵانێکی زۆر بوو وەک ناوچەی ئارام و سەقامگیر دەبینران، ئێستا بە تەواوەتی کەوتوونەتە ناو جەرگەی جەنگی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست. کۆماری ئیسلامیی ئێران وەک وەڵامێک بۆ هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل، دەستی کردووە بە لێدانی بنکەکانی ئەمریکا و ژێرخانی مەدەنیی وڵاتانی دراوسێ، لەوانە فڕۆکەخانەکان، بەندەرەکان و کۆگە نەوتییەکان.