باڵیۆزی ئەمریکا لە تورکیا دەبێتە نێردەی تایبەتی کۆشکی سپی بۆ کاروباری سووریا

 
رووداو دیجیتاڵ 

تۆم باراک، باڵیۆزی ئەمریکا لە ئەنقەرە، ئەمڕۆ هەینی رایگەیاند، وەک نێردەی تایبەتی وڵاتەکەی بۆ کاروباری سووریا دەستبەکار دەبێت، ئەوە لە کاتێکدایە ئیدارەی ترەمپ بڕیاری داوە سزاکانی سەر دیمەشق هەڵبگرێ. 
 
تۆم باراک لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکسدا نووسیویەتی: "بە شانازییەوە ئەرکی نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری سووریا لە ئەستۆ دەگرم و پشتیوانی لە [مارکۆ] روبیۆ، وەزیری دەرەوە دەکەم بۆ بەدیهێنانی روانگەی سەرۆک" دۆناڵد ترەمپ. 
 
تۆم باراک دەڵێت: "راگرتنی سزاکانی سەر سووریا سەلامەتیی ئامانجە سەرەکییەکەمان دەپارێزێت کە ئەویش بەزاندنی بەردەوامی داعشە؛ هەروەها دەرفەتی داهاتوویەکی باشتر بە خەڵکی سووریا دەدات."
 
ئەو دیپلۆماتە هەروەها رایدەگەیێنێت: "پێکەوە لەگەڵ هاوبەشە هەرێمییەکانمان، لەنێویاندا تورکیا و کەنداو یارمەتیی حکومەتی سووریا دەدەین بۆ ئەوەی ئاشتی، ئاسایش و هیوای خۆشگوزەرانی بگەڕێنێتەوە."
 
بڕیارەکە دوای ئەوە هات نێوەڕاستی ئەم مانگە دۆناڵد ترەمپ لە ریازی سعودیە رایگەیاند، واشنتن سزاکانی سەر سووریا لادەبات. 
 
تۆم باراک راوێژکارێکی دێرینی ترەمپە. 
 
بە گوێرەی سەرچاوە دیپلۆماسییەکانی ئەمریکا، چاوەڕوان دەکرێت باراک لە هەمان کاتدا لە پۆستی باڵیۆزدا بمێنێتەوە. 
 
تۆم باراک پێشتر بەڕێوەبەری جێبەجێکاری دامەزراوەیەکی کەرتی تایبەت بوو و بۆ ماوەیەک زۆر وەک راوێژکار لەگەڵ ترەمپ کاری کرد، هەروەها لە ساڵی 2016 سەرۆکی لیژنەی رێکخستنی کاروباری سوێندخواردنی ترەمپ بوو. 
 
دووشەممە، 20ی ئایار، مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بە لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجوومەنی پیرانی گوت، رێگەی بە ستافی باڵیۆزخانەی وڵاتەکەی لە تورکیا داوە، لە نێویاندا تۆم باراک، کار لەگەڵ بەرپرسانی سووریا بکات بۆ ئەوەی بزانن پێویستیان بە چ یارمەتییەکە. 
 
روبیۆ گوتی: "دەمانەوێت یارمەتیی سەرکەوتنی ئەو حکومەتە بدەین، چونکە جێگرەوەکەی بریتییە لە جەنگێکی نێوخۆی سەرتاسەری و ئاژاوە کە بێگومان سەقامگیریی تەواوی ناوچەکە تێکدەدات."
 
هەر 20ی ئایار، بەرپرسانی ئەمریکا و تورکیا لە واشنتن لە بارەی سووریا کۆبوونەوە، کە بە گوتەی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا،  تۆمباراکیش ئامادەبوو و تێیدا باس لە لابردنی سزاکان و بەرەنگاربوونەوەی داعش کرا. 
 
تۆم باراک ئەم مانگە بووە باڵیۆزی ئەمریکا لە ئەنقەرە. لەو کاتەوە چەندین کۆبوونەوەی هەبووە، لە نێویاندا لەگەڵ هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا، هەروەها لە کۆبوونەوەی هەفتەی رابردووی نێوان ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا و مارکۆ روبیۆشدا بەشدار بوو کە فیدانیش ئامادە بوو.