ترەمپ دەڵێت بەم زووانە رێککەوتن لەگەڵ ئێران رادەگەیێندرێت
رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ئاماژە بەوە دەکات، لە دانوستاندنەکاندا، بەشی هەرە زۆری رێککەوتنەکەیان لەگەڵ ئێران یەکلاکردووەتەوە و لە ماوەیەکی نزیکدا وردەکارییەکانی رادەگەیێندرێن. دەشڵێت، "تەنگەی هورمز دەکرێتەوە".
ترەمپ لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ترووس سۆشیاڵدا دەڵێت: "بە دانوستاندن بەشێکی زۆری رێککەوتنەکە یەکلاکراوەتەوە، ئێستاش چاوەڕێی پەسندکردنی کۆتاییە لەنێوان ئەمریکا، کۆماری ئیسلامیی ئێران" و وڵاتانی ناوچەکە.
ترەمپ باس لەوە دەکات، لەگەڵ سەرکردەی چەندین وڵاتی ناوچەکەدا گفتوگۆی لەبارەی پرسی ئێران و لێکتێگەیشتنێک بۆ ئاشتی کردووە.
ترەمپ نووسیویەتی: "من ئێستا لە نووسینگەی هێلکەیی کۆشکی سپیم، کەمێک پێش ئێستا پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی زۆر باشمان لەگەڵ محەممەد بن سەلمان ئالسعود لە سعودیە، محەممەد بن زاید ئالنهیان لە ئیمارات، ئەمیر تەمیم بن حەمەد و سەرۆکوەزیران محەممەد بن عەبدولڕەحمان ئالسانی و وەزیر عەلی ئەلسەوادی لە قەتەر، سوپاسالار عاسم مونیر لە پاکستان، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا؛ عەبدولفەتاح سیسی، سەرۆکی میسر؛ شا عەبدوڵڵای دووەم لە ئوردن و شا حەمەد بن عیسا ئالخەلیفە لە بەحرەین ئەنجامدا."
ترەمپ دەڵێت، پەیوەندییە تەلەفۆنییەکان "سەبارەت بە کۆماری ئیسلامیی ئێران بوون، لەگەڵ هەموو ئەو بابەتانەی پەیوەندییان بە لێکتێگەیشتنێکی تایبەت بە ئاشتییەوە هەیە."
سەبارەت بە هەڵوێستی ئیسرائیلیش، ترەمپ نووسیویەتی: "بە جیا، پەیوەندییەکی تەلەفۆنیم بە سەرۆکوەزیران بیبی نەتەنیاهووە لە ئیسرائیل کرد، کە ئەوەش بە هەمان شێوە زۆر باش بوو."
لە کۆتایی پەیامەکەیدا سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت: "ئێستا دوایین لایەن و وردەکارییەکانی رێککەوتنەکە تاوتوێ دەکرێن و بەم زووانە رادەگەیێندرێن. وەک بەشێک لە خاڵە زۆرەکانی دیکەی رێککەوتنەکە، تەنگەی هورمز دەکرێتەوە. سوپاس بۆ سەرنجتان لەسەر ئەم بابەتە!"