مووشەکێک ئاراستەی ئیسرائیل کرا؛ سوپای پاسداران رەتی دەکاتەوە ئەوان بووبن

رووداو دیجیتاڵ
 
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی سوپای ئیسرائیل، هێرشێکی مووشەکی کرایە سەر وڵاتەکە؛ میدیای ئێران لە زاری سوپای پاسدارانەوە دەڵێت، ''ئێمە نەبووین و مووشەکی یەمەنە.''
 
بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە 23-06-2025، میدیای ئێران دەستپێکردنی هێرشێکی نوێی مووشەکیی هێزەچەکدارەکانی وڵاتەکەی بۆ سەر ئیسرائیل راگەیاند، بەڵام هەر زوو خۆیان رەتیان کردەوە ئەم هێرشە لەلایەن ئێرانەوە کرابێت.
 
هاوکات سوپای ئیسرائیل کاژێر 03:09 خولەک راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە کە تێیدا هاتووە، ''کەمێک پێش ئێستا، هێزەکانی بەرگریی ئیسرائیل چەند مووشەکێکیان دەستنیشانکرد کە لە ئێرانەوە بەرەو خاکی ئیسرائیل هەڵدراون.''
 
زەنگی ئاگادارکردنەوە لە ئیسرائیل لێدرا و سوپاکە داوای لە هاووڵاتییان کرد لە پەناگەکاندا بمێننەوە بۆ ئەوەی لە هێرشەکەدا پارێزراو بن.
 
دوای ئاساییبوونەوەی دۆخەکە، میدیای ئیسرائیلی بڵاوی کردەوە کە تەنیا بە یەک مووشەک هێرشەکە کراوە.
 
پاشان میدیای فەرمیی ئێرانیش لە زاری سوپای پاسدارانەوە رایگەیاند، ''هێشتا شەپۆلی 21ـەمی ئۆپەراسیۆنی بەڵێنی راست 3 دەستی پێنەکردووە و ئەم مووشەکەش لە یەمەنەوە ئاراستەی ئیسرائیل کراوە، نەوەک لە ئێران.''
 
جەنگی نێوان ئێران و ئیسرائیل پێی ناوەتە 11ـەمین رۆژ و تاوەکو ئێستا لە هێرشکردنە سەر یەکدی بەردەوامن.
 
لە دوایین پێشهاتەکاندا، ئەمریکاش بە شێوەی سنووردار هاتە نێو جەنگەکەوە و بە فڕۆکەی B-2سێ بنکەی ئەتۆمیی نەتەنز، ئەسفەهان و فۆردۆی لە ئێران بۆردوومان کرد.
 
لە کاردانەوەی بۆردوومانەکەدا، بەرپرسانی ئێرانی هەڕەشەی وەڵامدانەوەی تووند دەکەن. لە بەرامبەردا ترەمپ هۆشداری دەداتە تاران لەوەی بیر لە تۆڵەسەندنەوە نەکاتەوە.