وەزارەتی دەرەوەی قەتەر: مافی وەڵامدانەوەمان هەیە
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دەرەوەی قەتەر لە وەڵامی هێرشە مووشەکەکییەکانی ئێران بۆ سەر بنکەی ئەمریکا (عەدید) لە قەتەر رایگەیاند، دەوڵەتی قەتەر بە "تووندی" سەرکۆنەی ئەو هێرشە دەکات و مافی وەڵامدانەوەمان هەیە.
وەزارەتی دەرەوەی قەتەر، ئێوارەی رۆژی دووشەممە، دوای هێرشە مووشەکییەکانی ئێران رایگەیاند، لەلایەن سوپای پاسدارانی ئێرانەوە بنکەی ئاسمانیی عەدید کرایە ئامانج، ئەمە پێشێلکارییەکی ئاشکرای سەروەریی دەوڵەتی قەتەر و کایە ئاسمانییەکەی و، یاسای نێودەوڵەتی و پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکانی دادەنێین.
وەزارەتی دەرەوەی قەتەرە دەڵێ: "دووپاتی دەکەینەوە کە دەوڵەتی قەتەر بە مافی وەڵامدانەوەی راستەوخۆی خۆی دەپارێزێت بە شێوەیەک کە بگونجێت لەگەڵ شێواز و قەبارەی ئەم دەستدرێژییە ئاشکرایە و لەگەڵ یاسای نێودەوڵەتیدا یەکبگرێتەوە."
قەتەر دڵنیایی دەدات کە بەرگرییە ئاسمانییەکانی قەتەر "هێرشەکەیان پووچەڵ کردووەتەوە و بە سەرکەوتوویی بەرپەرچی مووشەکە ئێرانییەکانیان داوەتەوە."
هەروەها دووپاتی دەکاتەوە کە بەردەوامبوونی ئەم جۆرە کردەوە سەربازییە گرژیهێنەرانە، "ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە پێشێل دەکات و ناوچەکە رادەکێشێتە قۆناخێکەوە کە لێکەوتەی کارەساتباری لەسەر ئاسایش و ئاشتیی نێودەوڵەتی دەبێت، داواکارین بۆ راگرتنی دەستبەجێی هەموو کردەوە سەربازییەکان و گەڕانەوەی جیدی بۆ سەر مێزی دانوستاندن و گفتوگۆ."
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، دەوڵەتی قەتەر یەکێک بووە لە یەکەمین وڵاتان کە هۆشداریی داوە لە دەرئەنجامە خراپەکانی گرژییەکانی ئیسرائیل لە ناوچەکەدا و داوای کردووە کە پێشینە بدرێت بە چارەسەری دیپلۆماسی و مکوڕ بووە لەسەر بنەمای دراوسێیەتیی باش و کەمکردنەوەی گرژییەکان، جەخت دەکاتەوە کە گفتوگۆ تاکە رێگەیە بۆ تێپەڕاندنی قەیرانە هەنووکەییەکان و پاراستنی ئاسایشی ناوچەکە و ئاشتیی گەلەکانی.
لەبارەی بنکەی عەدیدیشەوە دەڵێت: بەپێی ئەو رێکارە ئەمنی و خۆپارێزیانەی کە گیراونەتەبەر، بنکەکە پێشتر چۆڵ کرابوو. ئەمەش لەسایەی ئەو گرژییانەی کە ناوچەکە بەخۆیەوە دەیبینێت. هەروەها هەموو رێکارێک گیراوەتەبەر بۆ مسۆگەرکردنی سەلامەتیی کارمەندانی ناو بنکەکە، لە ئەندامانی هێزە چەکدارەکانی قەتەر و هێزە دۆستەکان و ئەوانی دیکە. جەخت لەوەش دەکەینەوە کە هیچ برینداربوونێک یان زیانێکی گیانی بەهۆی هێرشەکەوە نەبووە.
وەزارەتی دەرەوەی قەتەر: مافی وەڵامدانەوەی راستەوخۆی خۆمان دەپارێزین بە شێوازێک کە لەگەڵ شێوە و قەبارەی ئەم دەستدرێژییە ئاشکرایە و یاسای نێودەوڵەتیدا بگونجێت.
— Rudaw (@Rudawkurdish) June 23, 2025
زانیاریی زیاتر: https://t.co/Xni2vs9wln pic.twitter.com/qKLu2ezgr6