وەزارەتی گواستنەوەی ئیسرائیل: زیاتر لە 65 هەزار هاووڵاتیمان گەڕاندوونەتەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

وەزیری گواستنەوەی ئیسرائیل رایدەگەیێنێت، زیاتر لە 65 هەزار هاووڵاتیی ئیسرائیلی کە لە ئەنجامی جەنگی ئێران و ئیسرائیل و بەهۆی داخرانی ئاسمانەوە لە دەرەوە گیریان خواردبوو، گەڕێندراونەتەوە.
 
رۆژی یەکشەممە 22ی حوزەیرانی 2025 میری رێگێڤ، وەزیری گواستنەوەی ئیسرائیل لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە تەل ئەڤیڤ گوتی، "تاوەکو ئەمڕۆ، زیاتر لە 65 هەزار ئیسرائیلی لە رێگەی دەریا، ئاسمان و وشکانییەوە گەڕاونەتەوە وڵات."
 
ئەو وەزیرە پێشتر رایگەیاندبوو، مەزەندە دەکرێت لەنێوان 100 بۆ 150 هەزار کەس لە دەرەوەی ئیسرائیل گیریان خواردبێت.
 
ئەم راگەیێندراوە چەند رۆژێک دوای ئەوە دێت کە یەکەم فڕۆکە بۆ هێنانەوەی هاووڵاتییە گیرخواردووەکان لە ئیسرائیل نیشتەوە.
 
دەستەی فڕۆکەوانیی ئیسرائیل لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، یەکەم فڕۆکەی گەڕانەوەی هاووڵاتییان بەرەبەیانی رۆژی چوارشەممە لە فڕۆکەخانەی بن گوریۆن نیشتەوە.
 
وەزارەتی گواستنەوەی ئیسرائیل پێشتر رایگەیاندبوو، سەرجەم فڕۆکە بازرگانییەکان نێردراونەتە دەرەوە، بۆئەوەی زیانیان پێنەگات.
 
لە 13ی ئەم مانگەوە، ئیسرائیل هێرشی ئاسمانیی بۆسەر ئێران دەستپێکردووە و دەڵێت، ئامانج لە هێرشەکانیان، بنکە ئەتۆمییەکانی ئێرانن و نابێت ئەو وڵاتە ببێتە خاوەن چەکی ئەتۆمی. ئێرانیش دەڵێت، سازش بۆ توانا بەرگرییەکانیان ناکەن و وزەی ئەتۆمی بۆ ئاشتی بەکاردەهێنن.