ژمارەی زانکۆ بڕواپێکراوەکانی ئێران لە عێراق دەبێتە 62 زانکۆ

رووداو دیجیتاڵ 

ژمارەی زانکۆ بڕواپێکراوەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە عێراق بۆ 62 زانکۆ زیاد دەبێت. ئەندامێکی لیژنەی خوێندنی باڵا لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت، رەزامەندی و مۆڵەتدان بە زانکۆکانی دەرەوە، بەپێی پێوەری زانستی و لۆجستی دەبێت.
 
غولام ئەبازڕی، راوێژکاری رۆشنبیریی باڵیۆزی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە بەغدا راگەیاند، تائێستا وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی عێراق رەزامەندی لەسەر 33 زانکۆی ئێرانی داوە کە 14یان دەتوانن هەلی خوێندن بدەن. گفتوگۆ لەگەڵ وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراق کراوە بۆ ئەوەی ژمارەی زانکۆ ئێرانییەکان زیاد بکرێت، لایەنی عێراقی لەو داوایەیان کۆڵییەوە و رەزامەندییان دەربڕی، بەمەش ژمارەی زانکۆ بڕواپێکراوەکانی ئێران لە عێراق لە 33 زانکۆوە بۆ 62 زانکۆ زیاد دەبێت. 
 
نەهلە قادر، ئەندامی لیژنەی خوێندنی باڵا لە پەرلەمانی عێراق رۆژی یەکشەممە، 23-07-2023 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، رەزامەندی و مۆڵەتدان بە زانکۆکانی دەرەوە، بە پێوەری زانستی و لۆجستی دەبێت و لیژنەیەک لە وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراق هەیە تایبەت بەم بابەتە. لیژنەکەشیان بەدواداچوون بۆ هەر کەیسێک دەکات کە گومانی لەسەر بێت.
 
ئەندامەکەی لیژنەی خوێندنی باڵا لە پەرلەمانی عێراق گوتی، ساڵانە وەزارەتی خوێندنی باڵا لیستی زانکۆ بڕواپێکراوەکانی وڵاتان بڵاودەکاتەوە، ساڵانە گۆڕانکارییان بەسەردا دێت، زنکۆ هەیە بەهۆی دابەزینی ئاستی زانستی لە لیستەکەدا دەرهێنراوە. 
 
نەهلە قادر گوتی، چەندین وڵات هەن، لەوانەش وڵاتانی دراوسێ، کە دەیانەوێت لقی زانکۆکانیان لە عێراق بکەنەوە، جگە لە ئێران، ئوردن و سعودیەش دەیانەوێت لقی زانکۆکانیان لە عێراق بکەنەوە، بەڵام ئەمانە هەموو پێوەری خۆی هەیە و دەبێت بەو پێوەرانە جێبەجێ بکەن.
 
نەعیم عەبوودی، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی عێراقە، سەر بە بزووتنەوەی عەسائیب ئەهلی حەقە کە قەیس خەزعەلی سەرۆکایەتی دەکات. راوێژکاری رۆشنبیریی باڵیۆزی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە بەغدا گوتی وەزیری خوێندنی باڵای عێراق "بۆچوونی ئەرێنییە".
 
غولام ئەبازڕی هەروەها راشیگەیاند، لەگەڵ زیادبوونی ژمارەی زانکۆ متمانە پێکراوەکانی ئێران لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراق، ئەوان خزمەتگوزارییەکانیان بۆ خوێندکارانی عێراقی لە رووی چەندایەتی و چۆنایەتی باشتر دەبێت.
 
مانگی ئاداری رابردوو، نەعیم عەبوودی، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی عێراق گوتی، 75 هەزار خوێندکاری عێراقی لە زانکۆ جیاجیاکانی ئێران دەخوێن .