موفتیی سعودیە کۆچی دواییکرد
رووداو دیجیتاڵ
دیوانی شاهانەی سعودیە مردنی موفتیی گشتیی شانشینی سعودیە و سەرۆکی دەستەی گەورە زانایانی وڵاتەکەی راگەیاند.
بەگوێرەی راگەیێندراوی دیوانی شاهانە کە ئەمڕۆ سێشەممە، 23ی ئەیلوولی 2025 بڵاویکردەوە، شێخ عەبدولعەزیز بن عەبدوڵڵا بن محەممەد ئال شێخ، موفتیی گشتیی شانشینی سعودیە و سەرۆکی دەستەی گەورە زانایان و توێژینەوەی زانستی کۆچی دواییکرد، ئەمڕۆ لەدوای نوێژی عەسر لە مزگەوتی ئیمام تورکی بن عەبدوڵڵا لە شاری ریاز نوێژی مردووی لەسەر کرا.
میدیای فەرمیی سعودیە رایگەیاندووە، "خزمەتکاری هەردوو حەرەمی پیرۆز رێنوێنیی داوە، دوای نوێژی عەسر نوێژی غائیب لەسەر شێخ عەبدولعەزیز ئال شێخ، موفتی گشتیی شانشین، لە مزگەوتی حەرام لە مەککەی پیرۆز، مزگەوتی پێغەمبەر (د. خ) لە شاری مەدینە و سەرجەم مزگەوتەکانی دیکەی سعودیە بکرێن."
شێخ عەبدولعەزیز بن عەبدوڵڵا بن محەممەد ئال شێخ، ساڵی 1943 لە شاری مەککەی پیرۆز لەدایکبووە و لە ساڵی 1999 وەکو موفتی گشتیی شانشینی سعودیە و سەرۆکی دەستەی گەورە زانایان دیاریکرا.