وێنەگرتن و هەڵکردنی ئاڵا لە مەککە و مەدینە قەدەخە دەکرێت

رووداو - مەککە 

بەرپرسانی سعودیە، وێنەگرتن بەکامێرا و مۆبایل و هەڵکردنی ئاڵای وڵاتانیان لە مەککە و مەدینە قەدەخەکرد. 

میدیای فەرمی سعودیە رایگەیاند، حکومەتی وڵاتەکەیان لە نوێترین رێوشوێنی کارگێڕی و ئەمنیدا لەبارەی سەردانیکارانی مەککە و مەدینە بۆ ئەدای حەج و عەمرە، وێنەگرتن و گرتەی ڤیدیۆییان بەکامێرا و مۆبایل و هەروەها هەڵکردنی ئاڵای وڵاتان قەدەخەکردووە. 

لە بڕیارەکەی سعودیە ئاماژە بەهۆکارەکانی نەکراوە و تەنیا بەشێوەیەکی راستەوخۆ باس لە قەدەخە بوونیان کراوە ، بەپێی بڕیارەکەش سەرپێچیکاران سزا دەدرێن و دەستبەسەر ئامێرەکەیاندا دەگیرێت. 

سەردانیکارانی ماڵی خوا لە حەج و عەمرەکاران بەشێوەیەکی بەرچاو کامێرا و مۆبایلەکانیان بەکاردەهێنا بۆ وێنەگرتن و کێشانی گرتەی ڤیدیۆیی و کردنەوەی ڤیدیۆ لایڤ لەرێگەی ئەپەکانی ئینتەرنێت، ئەمەش نیگەرانی بۆ کاربەدەستانی حکومەتی سعودیە دروستکردووە و بڕیاری قەدەخەکردنیانداوە.