سەرۆکی پێشووی مۆساد نهێنییەکانی دزینی ئەرشیڤی ئەتۆمیی ئێران لە نێوجەرگەی تاران ئاشکرا دەکات
رووداو دیجیتاڵ
یۆسی کۆهن، سەرۆکی پێشووی دەزگای هەواڵگریی ئیسرائیل (مۆساد) کە چەند ساڵێکە پۆستەکەی جێهێشتووە، وردەکاری و نهێنییەکانی پشت دزینی ئەرشیڤی ئەتۆمیی ئێرانی لەنێو شاری تاران ئاشکرا کرد.
کۆهن لە کتێبێکی نوێیدا کە بەم دواییە بە ناونیشانی "شمشێری ئازادی: ئیسرائیل، مۆساد و جەنگی نهێنی" بڵاوکردووەتەوە، تێیدا ئاماژە بەوە دەکات، بڕیاری دزینی ئەرشیڤە ئەتۆمییەکە لە ساڵی 2016 درا، ئەمەش نزیکەی 10 ساڵ دوای دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنەکانیان لەنێو خاکی ئێران.
ئاشکراشی کردووە، شانەیەکی "مۆساد" بە بەشداربوونی ژنان و پیاوان دەستیان بە کارکردن لەنێو خاکی ئێراندا کرد و وردە وردە ژمارەیان زیادیکرد، تاوەکو لە دزەکردنە نێو حکومەت و دەسەڵاتداران لە تاران، سەرکەوتوو بوون.
سەرۆکی پێشووی مۆساد دەڵێت، "بیهێنە بەرچاوت، دەرهێنەرێکی سینەما بیت و دەتەوێت سیناریۆیەک بۆ فیلمێکی نوێ لەبارەی ئەو دزەکردنە بنووسیت؛ چی دەکەیت؟"
کۆهن وەڵامی بانگەشەی بەرپرسانی تاران دەداتەوە کە دەڵێن، ئیسرائیل بە تەکنەلۆجیای پێشکەوتوو دزەی کردووەتە نێویان نەک لە رێگەی سیخوڕی مرۆییەوە؛ کۆهن دەڵێت، راستە تەکنەلۆژیا و ژیریی دەستکرد بەکارهێندران، بەڵام "مەحاڵە ئۆپەراسیۆنەکانی ئیسرائیل لە ئێران بێ بەکارهێنانی سیخوڕ سەرکەوتوو بن." دەشڵێت، "ئەو زانا ئەتۆمییەی لەژێر نهێنییەکی زۆر توونددا کاری دەکرد، ئاگادار نەبوو کە دووژمنەکەی تەنانەت لەنێو دڵی کوورەی ئەتۆمیی نەتەنزدا سیخوڕی چاندووە، کە لەسەر رووبەری هەزار مەتر چوارگۆشەیە و 8 مەتر لەژێر زەویدایە."
پلان و ئامادەکارییەکان
کۆهن باسی ئەوەش دەکات، ئەو یەکەیەی سەر بە "مۆساد" لە ئێران، دوای تەواوکردنی ئامادەکارییەکان بۆ هەڵکوتانەسەر و دزینی ئەرشیڤەکە، بۆیان دەرکەوت دەسەڵاتدارانی ئێران لە کانوونی دووەمی 2017 ئەرشیڤەکەیان بە سێ بارهەڵگر بۆ باڵەخانەیەکی دیکە لە گەڕەکی "شۆراوای" تاران گواستووەتەوە؛ ئەمەش کۆهنی ناچار کردووە پلانەکە سەرلەنوێ دابڕێژێتەوە و بنکەیەکی چاودێریی نوێ دابمەزرێنێت.
روونیشیکردەوە، ئۆپەراسیۆنێکی وا پێویستی بە سەدان کەس بووە؛ تیمێک نەک تەنیا چاودێریی شوێنی ئەرشیڤەکە بکات، بەڵکو چاودێریی ئەو گەڕەکەش بکات کە تێیدایە و بۆ ماوەی چەند مانگێک جموجۆڵی دانیشتووانەکەیان خستەژێر چاودێرییەوە.
بەگوێرەی کتێبەکە، جگە لەوە، تیمێکی دیکەی شاراوە بە بارهەڵگرەوە بۆ خزمەتی "مۆساد"، تیمێکی پیشەگەری شارەزا لە بڕینی شوێنە سەخت و نهێنییەکان، تیمێک بۆ کردنەوەی کۆد و قوفڵەکان (کە ژمارەیان 32 سندووق بووە)، تیمێکی ئەمنی، تیمی بەڕێوەبردنی لۆجیستی بۆ هەر ئەگەرێکی ئاشکرابوون، لەگەڵ دابینکردنی ئامێری گواستنەوە و پەخشپچڕێن (تەشویش) ئامادە کرابوون.
کۆهن نهێنییەکی دیکە ئاشکرا دەکات و دەڵێت، "یەکێک لەو ئۆتۆمبێلانەی مۆساد لە ئۆپەراسیۆنەکەدا بەکاریهێناوە، کرێنێک بووە بە بەرزیی 6 مەتر. هەروەها تیمەکەی گۆڕەپانێکی مەشق و راهێنانیان بۆ هەموو لایەنەکانی ئەو ئۆپەراسیۆنە لە ئێران دروستکردبوو، تەنانەت هەندێک لە ئەندامانی تیمەکە دەرکران، چونکە بەرگەی راهێنانەکەیان نەگرت."
شەوی جێبەجێکردنەکە
بە گوتەی کۆهن، تیمەکە دەبوو لە ماوەیەکی کورتدا و لە کاژێر 10:00ی شەوی 31ی کانوونی دووەم تاوەکو 05:00ی بەیانی کارەکەیان تەواو بکەن، چونکە دەبوو بە خێرایی دەربچن پێش ئەوەی پاسەوانانی شەفتی بەیانی لە کاژێر 07:00 بگەن. دواجار، کارمەندانی "مۆساد" کاژێر 04:59ی بەرەبەیان ئۆپەراسیۆنەکەیان تەواو کرد.
باس لەوەش دەکات، لەترسی گواستنەوەی ئەرشیڤەکە بۆ کۆگایەکی سێیەم، وادەی ئۆپەراسیۆنەکە پێشخرا. لەسەر داوای فەرماندەی مەیدانی لە 31ی کانوونی دووەم کرا.
کۆهن دەڵێت، هەموو شتێکی بە پەخشی راستەوخۆ بۆ تەلئەڤیڤ دەگوازرایەوە. بەهۆی زۆریی بەڵگەنامەکانەوە، تیمەکە بەشێکیان وێنە دەگرت و راستەوخۆ لەلایەن شارەزایانەوە لە تەلئەڤیڤ دەپشکنران، هەر بەڵگەنامەیەک پەسند بکرایە دەبران. بۆ دڵنیایی، بەڵگەنامەکان وێنە گیران و خرانە سەر دیسک، بەڵام کارمەندانی "مۆساد" وێنە رەسەنەکانیشیان برد بۆ ئەوەی وەک بەڵگە بۆ ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم بمێنێتەوە.
لەو ئۆپەراسیۆنەدا، ئیسرائیل دەستی بەسەر 55 هەزار بەڵگەنامە و 183 دیسکدا گرت، کە 52 هەزار بەڵگەنامەی دیکەیان تێدابوو. کۆهن جەخت لەوە دەکاتەوە کە ئێرانییەکان بەپێی رەنگ بەڵگەنامەکانیان پۆلێن کردبوو، بۆیە ئەو فەرمانی کردبوو هەموو فایلە رەش و سوورەکان بهێنن، چونکە نیشانەی مەترسیداری بوون. بە بڕوای ئیسرائیل، بەڵگەکان ئەوەیان سەلماند کە ئێران پلانی بۆ "پڕۆژەی تەواوی چەکی ئەتۆمی" هەبووە.
کاردانەوەی تاران و راگەیاندنی جیهانی
سەبارەت بە دۆخی تاران دوای دزینی ئەرشیڤەکە، کۆهن دەڵێت، "دۆخەکەمان بینی، تووشی شۆک و هیستریا بوون. دەیان هەزار پۆلیس و ئەندامی سوپای پاسداران بەدوای هێزەکەماندا دەگەڕان کە 25 کەس لە رەگەزنامەی جیاواز بوون. هەموو رێگەکان و فڕۆکەخانەکانیان داخست. دواتر زانیمان کە عەلی خامنەیی، رێبەری ئێران دزینی ئەرشیڤەکەی وەک کارەساتێکی نیشتمانی ناوبردووە."
سەبارەت بە دەربازبوونیان، دەڵێت تیمەکە ئەو دوو کاژێرەی نێوان 05:00 بۆ 07:00ی بەیانییان قۆستەوە بۆئەوەی لە تاران بڵاوەیان پێبکرێت؛ بەشێکیان لە شوێنی نهێنی مانەوە، هەندێکیان دەستبەجێ وڵاتیان جێهێشت و ئەوانی دیکەش دواتر بە قاچاخ دەرهێندران.
یەک خوولەک دوای ئۆپەراسیۆنەکە، بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ئاگادارکرایەوە، ئەویش لای خۆیەوە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆک و مایک پۆمپەیۆ، وەزیری ئەوکاتی دەرەوەی ئەمریکای ئاگادار کردنەوە. ئەم ئۆپەراسیۆنە بووە هۆی ئەوەی دواجار ترەمپ لە رێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران بکشێتەوە.
کوشتنی موحسین فەخریزادە
کۆهن لە کتێبەکەیدا بەشێکی بۆ کوشتنی زانای باڵای ئەتۆمیی ئێران، موحسین فەخریزادە تەرخان کردووە و دەڵێت، لە رێگەی سیخوڕێکی ئێرانییەوە کە ناوی خوازراوی "فرێد"ە و یاریدەدەری فەخریزادە بووە، زانیاریی وردیان دەستکەوتووە؛ دەرکەوتووە تەکنەلۆژیای سەنتەرفیوجەکان لە پاکستانەوە هاتووە نەک کۆریای باکوور. سەنتەرفیوج ئەو ئامێرانەن کە یۆرانیۆم دەپیتێنن.
کۆهن ئاماژەی بەوە کردووە، لە ئۆپەراسیۆنێکی ئاڵۆزدا کە چەندین مانگ ئامادەکاریی بۆ کرا، چەکی ئۆتۆماتیکیی (رەشاش) یەک تۆنی، کە بە ژیریی دەستکرد کاری دەکرد، پارچە پارچە بە قاچاخ بردرایە نێو ئێران. چەکەکە لەسەر رێگەی هاتووچۆی فەخریزادە لەسەر بارهەڵگرێک دانرا و لە تەلئەڤیڤەوە کۆنترۆڵ دەکرا.
لەکاتی جێبەجێکردندا، ئۆتۆمبێلەکەی فەخریزادە کە زرێپۆش نەبوو، کەوتە بۆسەکەوە. نیشانەشکێنەکە لە تەلئەڤیڤەوە تەقەی کرد و 15 گولـلەی لە فەخریزادە دا. دوای گیانلەدەستدانی، بارهەڵگرەکە خۆی تەقاندەوە بۆ سڕینەوەی بەڵگەکان. ئەم رووداوە، بە گوتەی کۆهن، بووە هۆی هەڵگیرسانی شەڕێکی نێوخۆیی لەنێوان ئیتڵاعات و سوپای پاسداران لەسەر بەرپرسیارێتیی ئەو هەرەسهێنانە ئەمنییە گەورەیە.