ئەمریکا چەند کەشتی و فڕۆکەی هێناوەتە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست؟


رووداو دیجیتاڵ

کەشتیی فڕۆکەهەڵگری یو ئێس ئێس جێڕاڵد فۆرد لەنزیک دوورگەی کریتی یۆنانە و بڕیارە لە نزیک سنوورەکانی ئیسرائیل جێگیر بکرێت. میدیاکانی ئیسرائیلیش دەڵێن، ژمارەیەک فڕۆکەی جۆری ئێف 22 لە ئیسرائیل جێگیرکراون.
 
جۆن گامبرێل، یەکێک لە شرۆڤەکارانی دۆخی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەڵێت: "ویلایەتە یەکگرتووەکان یەکێک لە گەورەترین هێزەکانی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە ماوەی چەندین دەیەی رابردوودا جێگیرکردووە، ئەوەش لە نێوەندی ئەو گرژییانەی لەگەڵ ئێران هەیەتی سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی."
 
ئەمریکا کەشتیی فڕۆکەهەڵگری یو ئێس ئێس ئەبراهام لینکنیشی لە کەناراوەکانی عومان جێگیرکردووە کە تەنیا 700 کیلۆمەتر لە کەناراوەکانی ئێران دوورە.
 
تاوەکو ئێستا ئەمریکا دوو کەشتیی فڕۆکەهەڵگر کە لەلایەن پێنج هەزار و 600 سەربازەوە بەڕێوەدەبرێن، لەگەڵ 16 کەشتیی هاوەڵ، نزیکەی 120 فڕۆکەی ئێف 35، ئێف 22، ئێف 16، ئێف 15، فڕۆکەی سووتەمەنی هەڵگر، فڕۆکەی گواستنەوەی کەلوپەلی سەربازیی قورس و فڕۆکەی چاودێری و هەواڵگری گواستوونەتەوە ناوچەکە.
 
شرۆڤەکارانیش پێیانوایە باشترین شوێن بۆ ئەوەی ئەمریکا دەستی بە ئێران بگات، ئوردنە.
 
جۆن گامبر، شرۆڤەکاری دۆخی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستە و لەبارەی ئەو هێزەی ئەمریکا لە ناوچەکە دەڵێت، "دەکرێت ببێتە شوێنێک کە ئەمریکییەکان بتوانن هێرشی لێوە بکەنە سەر ئێران. ئەوەش بەشێکی بەو هۆیەوەیە کە سعودیە و ئیمارات، کە ئەمریکا لەوێشەوە فڕۆکەکانی بەگەڕدەخات، رایانگەیاندووە، رێگە نادەن ئاسمانیان بۆ هیچ هێرشێک دژی ئێران بەکاربهێندرێت."
 
کۆکردنەوەی ئەو هەموو هێزە لە ناوچەکە لە کاتێکدایە، بڕیارە رۆژی پێنجشەممە، شاندی تاران و واشنتن لە جنێڤ کۆببنەوە. پێشبینی دەکرێت ئەوە دوایین کۆبوونەوەی پێش بڕیاردان لەبارەی ئەگەری هێرشەوە بێت.