لوبنان لە ئەگەری هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر فڕۆکەخانە و ژێرخانە کاریگەرەکانی دەترسێت


رووداو دیجیتاڵ

وەزیری دەرەوەی لوبنان نیگەرانیی حکومەتی وڵاتەکەی نیشان دەدات لە ئەگەری زیادبوونی گرژییەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا و دەڵێ، دەترسێت ئیسرائیل ژێرخانە ستراتیژییەکانی وڵاتەکەی بکاتە ئامانج. ئەمریکاش فەرمانی بە بەشێک لە کارمەندانی باڵیۆزخانەکەی لە بەیرووت کرد وڵاتەکە جێبهێڵن.
 
رۆژی سێشەممە، 24ـی شوباتی 2026، یوسف رەجی، وەزیری دەرەوەی لوبنان لە جنێڤ بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند: "ئاماژەی وەها هەن کە ئەگەری هەیە ئیسرائیل لە کاتی هەر پێشهاتێکدا گورزی زۆر تووند بوەشێنێت کە رەنگە ژێرخانە ستراتیژییەکانی وەک فڕۆکەخانەش بگرێتەوە."
 
وەزیری دەرەوەی لوبنان ئاماژەی بەوە کرد، حکومەتی وڵاتەکەی لە هەوڵێکی دیپلۆماسی چڕدایە بۆ ئەوەی رێگری بکات لەوەی لە کاتی هەر کردەیەکی سەربازیدا، شوێنە سڤیلەکانی لوبنان نەکرێنە ئامانج و گوتی: "سەرکردایەتیی وڵاتەکەمان زۆر روون بووە لەوەی کە ئەم جەنگە پەیوەندی بە ئێمەوە نییە."
 
ئەم لێدوانانەی وەزیری دەرەوەی لوبنان لەکاتێکدایە، ئەمریکا هێزێکی زۆری لە ناوچەکە کۆکردووەتەوە و ئامادەکاری بۆ ئەگەری جەنگ دژی ئێران دەکات. 
 
رۆژی دووشەممە، واشنتن فەرمانی بە کارمەندە "ناپێویستەکان"ی باڵیۆزخانەکەی لە بەیرووت کرد وڵاتەکە جێبهێڵن.
 
لوبنان دەترسێت ببێتە قوربانیی جەنگی نێوان ئێران و ئیسرائیل، بەتایبەت ئەگەر حیزبوڵڵای لوبنانی تێوەبگلێت. 
 
هەینی رابردوو، ئیسرائیل چەند هێرشێکی کردە سەر بنکەکانی حیزبوڵڵا لە رۆژهەڵاتی لوبنان. حیزبوڵڵا کوژرانی 8 چەکداری خۆی راگەیاند و هەڕەشەی تۆڵەسەندنەوەی کرد.
 
حکومەتی لوبنان ساڵی رابردوو پابەندبوونی خۆی بە داماڵینی چەکی حیزبوڵڵا نیشان دا کە بەهۆی جەنگی رابردووی لەگەڵ ئیسرائیل لاواز بووە. 
 
بەڵام ئیسرائیل، کە حیزبوڵڵا بە پڕچەککردنەوە تۆمەتبار دەکات، رەخنە لە سوپای لوبنان دەگرێ و دەڵێت هەوڵەکانی "بێ کاریگەر بوون". هەر بۆیە سەرەڕای هەبوونی رێککەوتنی ئاگربەست لە تشرینی دووەمی 2024ـەوە، ئیسرائیل بەردەوامە لە هێرشە ئاسمانییەکانی بۆ سەر لوبنان.